دادگەى کەرخ بە 'تۆمەتی دەستوەردان لە کاروباری دادگە' شاخەوان عەبدوڵڵا بانگ دەکات

29-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە تۆمەتی "دەستوەردان و زیانگەیاندن" بە دادگە و لەسەر بنەمای سکاڵایەکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، دادگەی کەرخ؛ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بانگ دەکات و داوای لێدەکات لە بەردەم دادگەکە ئامادەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دادگەى لێکۆڵینەوەى سێى کەرخ لە بەغدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-01-2023، بڵاویکردووەتەوە، لەسەر بنەمای سکاڵایەکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە لە دژی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراوە، داوای لێدەکات لە بەردەم دادگە ئامادەبێت بۆ لێپرسینەوە.
 
سکاڵاکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بەهۆی ئەوەوەیە کە گوایە شاخەوان عەبدوڵڵا "زیانی بە داگە و سەربەخۆییەکەی" گەیاندووە و "دەستوەردانی لە کاروباری دادگە" کردووە بە تایبەت لە دوایین بڕیاری دادگەکە لەبارەی "نادەستووریبوونی" ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کە پێشتر حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی پارەکە دابوو.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـى کانوونى دوومى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد کە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارى عێراق و پارێزگارى واست پێشکێش کرابوون، لە دژى چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ناردنى ئەو پارانە بۆ هەرێمی کوردستان، دادگەکە لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانە، ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە "نادەستووری" لە قەڵەمدا.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێچەوانەى یاسای بودجەى 2021 و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی ساڵى 2019  بوون کە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان پێویستى بە پاکتاوى دارایی پەیوەست بە داهاتى نەوت و نانەوتیى هەرێمى کوردستان هەیە و ئەنجوومەنى وەزیران نابێت بڕیارێک دەربکات کە قورسایی ئابوورى بخاتە سەر خەزێنەى دەوڵەت بە پێچەوانەى یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی.
 
ئەو شەش بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەلایەن دادگەکە بە "نادەستووری" دانراون، پێنج بڕیاریان تایبەت بوونە بە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، واتە یەک ترلیۆن دینار، بڕیارێکیشیان تایبەت بووە بە ناردنی سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە. یەکێک لەو کەسانەی دژی بڕیارەکە ناڕەزایەتی دەربڕی، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دوای بڕیارەکەی دادگە رایگەیاند، "ئەو لایەنەی فەرمانی بە دادگەی فیدراڵی کرد بڕیار لە دژی یاسای نەوت و گازی هەرێم بدات، هەمان ئەو لایەنە بووە کە فەرمانى بە وەزیرى دارایی کردووە 400 ملیار دینارەکە نەنێرێت بۆ هەرێمى کوردستان." ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە داگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا لە دژی تۆمار بکات.
 
بەگوێرەی ماددەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی کە د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی پێ بانگ کراوە، سزای تاوەکو سێ ساڵ زیندانی تێدایە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە