ماکرۆن: لووتکەی بەغدا دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە

28-08-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن لووتکەی بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان عێراق و فەرەنسادا هەیە.
 
ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 سەرۆککۆماری عێراق و ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد. ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، فەرەنسا یارمەتیی عێراق دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەمی، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند ساڵی رابردوودا بە چەندین شێوە یارمەتی عێراقمان داوە.
 
سەرۆکی فەرەنسا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لە عێراق و لەو بارەوە دەڵێت، لووتکەی بەغدا دەبێتە دەرفەتێك بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە.
 
کۆبوونەوەی لووتکەی بەغدا بە بەشداریی سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵات فراوانترین کۆبوونەوەی لووتکەی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە. بەرهەم ساڵح لەو بارەوە دەڵێت، "زۆر چوارچێوەی هاوکاریمان هەیە لە نێوان وڵاتەکانماندا، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ پشتوانیکردن لە وڵاتەکەمان و هاوکاریمان گرنگ دەبێت، نەک تەنیا بۆ عێراق و فەرەنسا، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە. بەخێربێیت دۆستەکەمان." 
 
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشدا، "چەندان و چەندین ئاڵنگاریی گورچکبڕ لە نێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەکە هەیە، پێویستە بەهاوبەشی وەڵامیان بدەینەوە لەگەڵ پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرەنسای دۆست و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی گرنگی جیهان". 
 
سەرۆککۆماری عێراق هاوکارییەکانی فەرەنسا لە شەڕی دژ بە تیرۆر بە گرنگ ناو دەبات، هەروەها دەشڵێت، "لە هەمان کاتدا فەرەنسا وەکو هاوبەشێکی بازرگانی و ئابووری دەمێنێتەوە و بەشدار دەبێت لەگەڵمان لە پرۆسەی بونیادنانەوە، ئەمڕۆ جەخت لەسەر چەندین گرێبەست و هاریکاری لەنێوان حکومەتی عێراق و فەرەنسا کرایەوە، لەگەڵ کۆمپانیاکانی فەرەنسا لە بوارەکانی وزە و بوارەکانی دیکەی کە جێگەی گرنگیی هەردوولان."
 
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا، بەرهەم ساڵح ئاماژە بە گرنگیی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەدات و رایدەگەیێنێت، "ئەو عێراقەی کە چەندین ساڵە ناونیشانێک بووە لە ململانێ و ناکۆکییەکانی ناوچەکە. بەڵام حاڵی ئەمڕۆی بەغدا ئەوەیە کە سەرکردەکانی ناوچەکە نوێنەرەکانیان تێیدا کۆدەبنەوە بۆ جەختکردنەوە لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی و بەرەوپێشچوونی."
 
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کە سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە گرنگیی کردەوە، گۆڕانی کەشوهەوا بوو، ئیمانوێل ماکرۆن لەو بارەوە دەڵێت، "ئاڵنگارییەکی دیکەش هەیە کە بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە و لە چەند مانگی داهاتوودا چوارچێوەیەکی تۆکمەتر و دەوڵەمەندتر بۆ ئەو مژارانە دادەنەین." 
 
لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "پاڵپشتی لە هەنگاوەکانتان دەکەین لە دامەزراندنی حوکمڕانی هۆشیار لەنێویدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد و شەفاف لە 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کە ئەوەش بەرەوپێشچوونێکی راستەقینەیە". 
 
لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەی لووتکە، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "ئەمە قۆناخێکی نوێیە و دەمانەوێت کار بکەین بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیانە و بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە رێگەی دروستکردنی ئامرازی گفتوگۆکردن تاوەکو ناکۆکییەکان کەمتر بکرێنەوە کە هاوکات بێت لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییەکان و دروستکردنی چوارچێوەی پێکەوەکارکردن لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری تایبەت بە گواستنەوە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و وزە و ئاسایش."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بیرەکان لە ئاسمانەوە.

400 بيرى مێژوویی لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە

400 بیرى شاقولى لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەگوتەى بەرپرسێکى شوێنەوارى میسان بیرەکان لەو جۆرانەن، کە لە هەرێمى کوردستان بەکارهێندراون.