لووتکەی بەغدا وڵاتانی دراوسێی عێراق کۆدەکاتەوە

لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لە دوای ساڵی 2003ـەوە فراوانترین کۆبوونەوەی سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵاتە لە عێراق. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە عێراق رۆڵی نێوەندگیری لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە ببینێت.

28-08-2021

01:26

راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەی بەغدا

راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەی بەغدا

 

لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی کە ئەمڕۆ شەممە 28ـی ئابی 2021 بە بەشداریی سەرۆک، وەزیرانی دەرەوە و نوێنەری نۆ وڵاتی ناوچەکە و دراوسێی عێراق بەڕێوەچوو، جەختیان لە پاڵپشتیی عێراق کردەوە، ئاماژەیشیان بەوە کرد، بەبێ سەقامگیریی عێراق، ناوچەکە سەقامگیر نابێت.

تەواوی هەواڵەکە بخوێنەوە

 

زیاتر بخوێنەوە

18:44

دوای چوار ساڵ لووتکەی بەغدا سەرۆکی میسر و میری قەتەر کۆدەکاتەوە

دوای چوار ساڵ لووتکەی بەغدا سەرۆکی میسر و میری قەتەر کۆدەکاتەوە
 
دوای چوار ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان، ئەمڕۆ شەممە لووتکەی بەغدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەری کۆکردەوە. ئەمە دوای ئەوە هات کە میسر و سعودییە و ژمارەیەک وڵاتیی دیکە لە ساڵی 2017 بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر دا.
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:45

نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە لووتکەی بەغدا دەکەین

نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە لووتکەی بەغدا دەکەین
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی لووتکەی بەغدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێشوازی لە لووتکەی بەغدا دەکەین و هەوڵی سەرۆکوەزیران گرنگ دەنرخێنین." دەشڵێت، "ئومێدەوارین ئەنجامی لووتکەکە خزمەتی سەقامگیریی عێراق بکات."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "ئومێدەوارین ئەنجامی لووتکەکە خزمەتی سەقامگیریی عێراق بکات."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

16:21

ماکرۆن: دۆخی ئێستای ئێزدییەکان جێگەی داخە

 
یەکێک لە تەوەرەکانی لووتکەی بەغدا باسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوو، لەو چوارچێوەیەشدا باسی دۆخی شنگال و ئەو ناوچانەی دیکە کرا کە لەژێر دەستی داعش دەرهێندراون. ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، "دۆخی ئێستای ئێزدییەکان جێگەی داخە؛ هیوادارین ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا گەڵاڵە دەبێت، ببێتەهۆی باشترکردنی دۆخی ژیانیان."
 
لەبارەی شنگال ماکرۆن لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، "فەرەنسا پابەنددەبێت و لەپاڵ ئێودەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، مادام ئێوە پێتانوایە بە سوود و گرنگە. بڕیاری کۆتاییش لای ئێوەیە، بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی تیرۆر، واتە گەڕانەوە سەقامگیریی تەواو بۆ ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی دەستی داعش لەوانەش شنگال."
 
ماکرۆن کە رووی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، ئەوەشی گوت، "شنگال ناوچەیەکە زۆر قسەتان لەسەر کردووە و بەم دواییانەش سەردانتان کردووە، بەتایبەتی بیرکردنەوە لە ئێزدییەکان، کە تاوەکو ئێستا 100 هەزاریان ئاوارەن. ئێمە لەگەڵ نادییە موراد کارمان کردووە، ستایشی پابەندبوونەکانیان دەکەین، دۆخی ئێستای ئێزدییەکان جێگەی داخە؛ هیوادارین ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا گەڵاڵە دەبێت، ببێتەهۆی باشترکردنی دۆخی ژیانیان."
 

تەواوی هەواڵەکە بخوێنەوە

 

زیاتر بخوێنەوە

15:08

شاعەبدوڵڵا: سەقامگیری عێراق، سەقامگیریی هەموو ناوچەکەیە

شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن
 
شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، بەستنی ئەم کۆنگرەیە لەکاتێکدا دێت کە دۆخەکە زۆر هەستیارە. جیهان پێشهاتی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی زۆری تێدا روویداوە. هەروەها ئاڵنگاریی زۆر هەن وەک کەمیی خۆراک، پەتای کۆرۆنا بۆیە تاوەکو زەمینەیەکەی هاوبەش نەدۆزرێتەوە ناتوانین کۆتایی پێبێنین.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شا عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، پاڵپشتیی خۆمان بۆ عێراق لە قەڵاچۆکردنی تیرۆر دووپات دەکەینەوە.. چونکە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، سەقامگیریی هەموو ناوچەکەیە.
 
ئەوە دووەم سەردانی شا عەبدوڵڵایە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، لەو بارەیەوە خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، کۆبوونەوەمان لە کۆنگرەی ئەمڕۆ بەڵگەیە لە گرنگیدان بە رۆڵی عێراق لە نێوەندگیری و دروستکردنی پرد لە نێوان وڵاتان
زیاتر بخوێنەوە

14:57

ماکرۆن: فەرەنسا لە شەڕی تیرۆر لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە

سەرۆکی فەرەنسا لە لووتکەی بەغدا
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەی لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی رایگەیاند، "فەرەنسا پابەنددەبێت و لەپاڵ ئێودەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، مادام ئێوە پێتانوایە مانەوەی فەرەنسا بەسوود و گرنگە. بڕیاری کۆتاییش لای ئێوەیە، بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی تیرۆر، واتە گەڕانەوە سەقامگیریی تەواو بۆ ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی دەستی داعش لەوانەش شنگال".
 
ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 لە کۆبوونەوەی لووتکەی بەغدا ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە دا، ئێمە جەخت لە سەروەریی عێراق دەکەینەوە. ئەو سەروەرییەی کە رێگە بە گەلی عێراق دەدات بە هەموو پێکهاتە جیاجیاکانییەوە چارەنووسی خۆیان دیاریی بکەن و لە ئەزموونی رابردوویان فێرببن.
 
سەرۆکی فەرەنسا تیشک دەخاتەسەر بارودۆخی ئێزدییەکان لە عێراق بە تایبەت دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014 و ئاوارەبوونی دەیان هەزار ئێزدی، ماکرۆن لەو بارەوە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ نادییە موراد کارمان کردووە، ستایشی پابەندبوونەکانیان دەکەین، دۆخی ئێستای ئێزدییەکان جێگەی داخە؛ هیوادارین ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا گەڵاڵە دەبێت، ببێتەهۆی باشترکردنی دۆخی ژیانیان".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا، "حکومەتی عێراق دەبێت توانای ئەوەی هەبێت کە ئاسایشی گەلەکەی دابین بکات. بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەیەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی چاودێر دەنێرێت و دەزانین ئەو هەڵبژاردنە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ عێراق."
 
لەبارەی گرنگیی کۆنگرەکەی بەغدا ماکرۆن دەڵێت، کۆنگرەکە پێشانی دەدات کە ئیرادەیەک هەیە بۆ پێکەوە کارکردن و دروستکردنی پەیوەندیی باش. سەرباری هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان هەموومان پێداگرین لەسەر داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق.
 
پێشتر ماکرۆن لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەگەڵ هەردووکیان ئەنجامدا.
 
ماکرۆن لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، "ئەمە قۆناخێکی نوێیە و دەمانەوێت کار بکەین بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیانە و بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە رێگەی دروستکردنی ئامرازی گفتوگۆکردن تاوەکو ناکۆکییەکان کەمتر بکرێنەوە کە هاوکات بێت لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییەکان و دروستکردنی چوارچێوەی پێکەوەکارکردن لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری تایبەت بە گواستنەوە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و وزە و ئاسایش".
زیاتر بخوێنەوە

14:07

کازمی: لووتکەی بەغدا رۆڵی عێراق لە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان وڵاتان دەردەخات

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەی بەغدا
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەی بەغدا رایگەیاند، "گرێدانی ئەو کۆنگرەیە لە بەغدا بەرجەستەی رۆڵی عێراق دەکات بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دونیا هەبێت کە لەسەر بنچینەی هاریکاری و تەواوکاری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و زاڵبوون بەسەر زمانی گفتوگۆ و هاوبەشی و رێزگرتنی بەرامبەر بونیادنرابێت".
 
ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بە گوتارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "عێراق لە قۆناخی رابردوودا لەسەر ئاستی جیاواز رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەوە، بەڵام توانیی هەنگاوی فراوان بنێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانە بە ئیرادەی گەلەکەمان و پێداگری لەکارکردن و ژیان لە پێناو داهاتووێک کە شایستەی بێت، بە یارمەتی سەرجەم برایەکانی و دراوسێیەکانی."
 
زیاتر بخوێنەوە

11:08

ماکرۆن: لووتکەی بەغدا دەبێتە دەرفەتێك بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە

ئیمانوێل ماکرۆن و بەرهەم ساڵح
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان عێراق و فەرەنسادا هەیە.
 
ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 سەرۆککۆماری عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد. 
 
ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، فەرەنسا یارمەتیی عێراق دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەمی، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند ساڵی رابردوودا بە چەندین شێوە یارمەتی عێراقمان داوە.
 
سەرۆکی فەرەنسا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لە عێراق و لەو بارەوە دەڵێت، لووتکەی بەغدا دەبێتە دەرفەتێك بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:04

کازمی و ماکرۆن جەخت لە کاری پێکەوەیی دەکەنەوە

مستەفا کازمی و ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد و، هەردوولا جەختیان لە کاری پێکەوەیی کردەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هەڵوێست و هەوڵەکانی فەرەنسا لە سەرخستنی کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی لە بەغدا بەرزدەنرخێنین". هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "پێکەوەکارکردنی فەرەنسا و عێراق بۆ سەرخستنی دیموکراسی بەردەوامدەبێت".
 
کۆنفرانسی لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بە بەشداریی سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵات بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی فەرەنساش بۆ ئەو مەبەستە لە عێراقە و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە.
 
لە کۆنگرەکەدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشدا، "بوونی فەرەنسا لە عێراق مێژووییە و کاریگەریی زۆر گەورەی هەیە. ئێمە بە پەرۆشین تاوەکو لە وزە و کارەبا و بوارەکانی دیکە پێکەوە کاربکەین."
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوەی لووتکەی بەغدا بە "رووداوێکی مێژووی" ناودەبات و دەڵێت، "سەقامگیری لە عێراقدا بەدینایەت تا ئەو کاتەی هەموو ناوچەکە ئامادەیی پێکەوەکارکردنی هەبێت. پێموایە کۆنفرانسی ئەمڕۆ، پێکەوە کارکردنی ئێمە و توانای ئێوە بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانی ناوچەکە لێرەدا، مەرجێکی سەرەکیی ئەو سەقامگیرییەیە. بڕوام وایە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە توانای ئەوەمان هەیە رێگەی نوێ بۆ پێکەوەکاردن لە ناوچەکەدا بدۆزینەوە."
 
سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "فەرەنسا رژدە لەسەر یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان". 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەبارەی هاوکارییەکانی فەرەنسا لە شەڕی تیرۆر رایگەیاند،"فەرەنسا بەشداربووە لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش، سوپاسی خۆمان بۆ هەوڵەکانیان لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق دووپات دەکەینەوە." هەروەها گوتیشی، "عێراق و فەرەنسا هاوبەشی سەرەکین لە شەڕی دژی داعش و شەڕی دژی تیرۆر، بە دڵنیاییەوە ئەو هاوبەشییە بەردەوام دەبێت بۆ بەرگریکردن لە بەها دیموکراتییەکان لە ئەزموونی عێراقی لاو."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا، "گرنگە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بێگەرد و بێ کەموکورتی بێت".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسا دەکەین لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە کەرتی تەندروستی لە ماوەی پەتای کۆرۆنا، جارێکی دیکەی بەخێرهاتنی سەرۆک دەکەم و سوپاسی بەشداریکردنی دەکەم لەو کۆنگرەیە."
زیاتر بخوێنەوە

10:41

کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بەڕێوەدەچێت؛ عێراق رۆڵی نێوەندگیر لەنێو وڵاتانی ناوچەکە دەگێڕێت


عێراق کە ماوەی چەندین ساڵە بووەتە گۆڕەپانی ململانێی بەشێک لە وڵاتانی هەرێمی و جیهانی، دەیەوێت لە کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی، ئەو هێزانە بە یەکەوە کۆبکاتەوە و رۆڵی نێوەندگیر لە نێوانیاندا بگێڕێت. 
 
سعودیە و ئێران، دوو وڵاتی خاوەن هەژموونی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لە یەمەن، لوبنان و بەحرەین، دژی یەکدی کاردەکەن، بە نێوەندگیریی عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە بەغدا دانوستاندنیان ئەنجامداوە بۆئەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان ئاسایی بکەنەوە کە لە ساڵی 2016ەوە پچڕێندراون. 
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی، کە بە بەشداری فراوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، رەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەرێنیی عێراقە کە دەرگاکانی خۆی بۆ پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەموو هاوڕێیەکانی کردووەتەوە؛ هەروەها ئامادەیی عێراق بۆ گەڕانەوەی رۆڵەکەی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێشاندەدات."
 
لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی ئەو رۆڵەی عێراق دەکرێت و بە گرنگ بۆ سەقامگیریی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە. 
 
ئانا ئێستیگنیڤا، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێمە پێشوازی لە زیادبوونی رۆڵی بەغدا لە کاروباری هەرێمی و عەرەبیدا دەکەین. پێمانوایە کە دەبێت ناوچەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سەقامگیری بڕوات، ئەوەش بە بەشداریکردنی یەکسانی هەموو لایەنە هەرێمی و ئەوانی دیکەش لە کەمکردنەوەی ململانێدا."
 
سەرۆککۆماری میسر و شای ئوردن رایانگەیاندووە کە بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن. داواکاری بۆ سەرۆککۆماری تورکیاش نێردرابوو، بەڵام بەشداری ناکات.
 
سەرۆکی فەرەنساش وەکو تاکە سەرکردەی باڵای دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار دەبێت. 
 
ناتالی برۆدهارست، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەو کۆنفرانسە هەرێمییەی کە بڕیارەی 28ی ئاب لە بەغدا بەڕێوەبچێت، کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک ماکرۆنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، دەرفەتێک دەبێت بۆ عێراق کە خۆی وەکو جەمسەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا پێشانبدات. فەرەنسا بڕوای تەواوی هەیە کە هەبوونی رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی خۆشگوزەران و سەقامگیر بەندە بە هەبوونی عێراقێکی سەقامگیر و خاوەن سەروەری."
 
تەوەری سەرەکیی کۆنفرانسەکە پێکەوەکاردنە لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە. بانگهێشتنامە بۆ نوێنەرانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپیش نێردراوە بۆئەوەی لەگەڵ ئێران لە یەک هۆڵدا باس لەو تەوەرە بکەن. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی و هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناکۆکییان لەگەڵ ئێراندا هەیە. 
زیاتر بخوێنەوە

10:41

لووتکەی بەغدا وڵاتانی دراوسێی عێراق کۆدەکاتەوە

سەرۆک و وەزیرانی نۆ وڵات لە کۆنگرەی بەغدا. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 12:00ـی رۆژی شەممە 28-8-2021 لە بەغدا لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە بەشداریی سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆکی میسر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی دراوسێی عێراق و وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئێران و، بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، باڵیۆز و هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق دەستپێدەکات.
 
درەنگانی شەوی رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
 
پێشبینی دەکرێت لە پەراوێزی کۆنگرەکە چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان وڵاتانی بەشدار بکرێت لە نێویاندا سعودیە و ئێران، نەزار خەیروڵڵا، بریکاری وزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی رایگەیاند، ئێمە وەک عێراق ھەموو کارئاسانییەک دەکەین بۆ سەرۆک و سەرکردەی ھەر وڵاتێک کە بیەوێ لەگەڵ وڵاتێکی دیکە کۆببێتەوە. گوتیشی: لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی هاوشێوەی کۆنگرەی بەغدا، کۆبوونەوەی دووقۆلی لەنێوان وڵاتان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر خواستی وڵاتەکان خۆیان.
 
بەرپرسێکی عێراقی بە رووداوی رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت، لە پەراوێزی لووتکەکەدا، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندەکانی سعودیە و ئێران بۆ لێکنزیکبوونەوەیان رێکبخرێت.
 
لە دوای ساڵی 2003، ئەمە گەورەترین و گرنگترین کۆبوونەوەی لووتکەیە لە بەغدا بکرێت، سەرۆک و سەرکردەی چەندین وڵات تێیدا بەشدارببن لە نێویاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
زیاتر بخوێنەوە