رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق کاتی ئەنجامدانی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندنی 2020-2021 دیاریکرد.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "دوای کۆبوونەوەی عەلی حەمید دلێمی، وەزیری پەروەردە لەگەڵ لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی قۆناخەکانی کۆتایی ئەمساڵی خوێندنمان دیاریکرد؛ کە بەم شێوەیە دەبێت: تاقیکردنەوەکانی قۆناخی شەشی سەرەتایی رۆژی یەکشەممە 13ی حوزەیرانی 2021 دەستپێدەکەن، تاقیکردنەوەکانی قۆناخی سێی بنەڕەتی رۆژی یەکشەممە 4ی تەممووزی2021 دەستپێدەکەن، تاقیکردنەوەکانی قۆناخی شەشی ئامادەیی بە هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی رۆژی سێشەممە 27ی تەممووزی 2021 دەستپێدەکەن".
وەزارەتی پەروەردەی عێراق راشیگەیاند: "لە رۆژانی داهاتوودا خشتەکانی تاقیکردنەوەکانی ئەو قۆناخانەی خوێندن بڵاودەکەینەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر لە رۆژانی تاقیکردنەوەکاندا پشووی فەرمی بوو، تاقیکردنەوەکە رۆژی دوای پشووەکە دەکرێت".
قوسەی یاسری، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە جەختمان کردەوە کە خوێندنی ئەلیکترۆنی قۆناخە ناکۆتاکانی پەروەردە تاوەکو 1ی تەممووزی 2021 بەردەوام بێت، واتا 1ی تەممووز کۆتایی ساڵی خوێندن بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ