رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، یەکەمین جارە لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتێک لەژێر رۆشنایی وەرەقەیەکی سیاسی پێکدەهێندرێت کە چەندین خاڵی گرنگی تێدایە و چارەسەری بەشێکی زۆر لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەخۆ دەگرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 27-10-2022، دوای پێدانی متمانە لە لایەن پەرلەمانەوە بە حکومەت و کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەم حکومەتە، حکومەتێکی هاوپەیمانییە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت پەسندی کردووە، پێکهێندراوە".
بە گوتەی خالید شوانی، لەو رێککەوتنە سیاسییەدا کۆمەڵێک رێوشوێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دانراون، "بە تایبەتی کێشەی ناوچە ناکۆکیی لەسەرەکان و دابڕێندراوەکان".
وەزیری دادی عێراق پێیوایە ئەم رێککەوتنە کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرنگی تێدایە کە هەندێکیان پەیوەندییان بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە هەیە و هەندێکیشیان پەیوەندییان بە پەرلەمانی عێراقەوە هەیە.
خالید شوانی دەڵێت، نەخشەڕێگەی چارەسەرکردنی زۆر لە کێشەکان لەناو ئەم رێککەوتنە جێگیرکراوە، "بە تایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان و کەرکووک و ئەوانی دیکە".
یەکێک لە خاڵەکان وەک خالید شوانی ئاماژەی پێدا کە لە بەرنامەی حکومەتەکەدا هاتووە، ئەوەیە "لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 لە دوای پێکهێنانی حکومەت دروستبکرێتەوە، بودجەیەکی شایستە تەرخان بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان و ئەوانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە. ئەمە گرنگترین هەنگاوە دەبێت بۆ رێگریکردن لە بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانە".
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکان، بە گوتەی خالید شوانی ئەوەیە، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت لیژنەیەک دروستدەکرێت و "ئەو لیژنەیە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەکات لەو پارێزگارانەی کە پارێزگاکەیان بەوەکالەت بەڕێوەدەبردرێت، ئەگەر دەرکەوت هەر پارێزگارێک لەو پارێزگایانە تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە یان کەمتەرخەمە لە کارەکانی، ئەوا سەرۆکوەزیرانی راسپێرداو رێوشوێنی کارگێڕی و یاسایی دژی دەگرێتەبەر و لایدەدات. ئەوەش روونە کە ئەو بڕگەیە بۆچی رێککەوتنی سیاسی لەسەر کراوە؟ بە تایبەتی ئەمە بۆ کەرکووک گرنگە. لیژنەکەش دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا کارەکانی خۆی تەواو بکات".
خاڵێکی دیکەی گرنگ لەنێو رێککەوتنەکە، بە گوتەی وەزیری وەزیرە نوێیەکەی دادی عێراق، "کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە، ئاسایش، هێزەکانی ناوخۆی سەر بە هەرێمی کوردستان لە ناوچە دابڕێندراوەکان کە شەهیدبوونە. لە چوارچێوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدانی عێراقدا هاوشێوەی شەهیدەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کەسوکارەکانیان لە ماف و ئیمتیازاتی ئەو یاسایە سوودمەند دەبن".
چارەسەرکردنی کێشەی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕێندراوەکان، خاڵێکی دیکەی نێو رێککەوتنەکەیە و خالید شوانی دەڵێت: "بڕیارێکی راشکاو لەناو ئەو رێککەوتنەدا هەیە. میکانزمێکی راشکاو دانراوە بۆ ئەوەی خوێندی کوردی پەیوەست بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەو جۆرە بێت کە هەموو فەرمانبەر و مامۆستاکانی بگوازرێنەوە سەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی، بەمەش دەتوانین ئازارەکانی مامۆستایان و خوێندنی کوردی لە ناوچە دابرێندراوەکان چارەسەر بکەین".
خالید شوانی دەشڵێت: "چەندین فەوجی پۆلیسی فریاکەوتن بۆ کەرکووک دروستدەکرێن کە ئەوان دۆسیەی ئەمنی ناوخۆی کەرکووک دەگرنەدەست، ئەوە جگە لە بەردەوامبوون لەسەر ئەو هێزە هاوبەشەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دروستکراوە بۆ پاراستنی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هەروەها چوونە دەرەوەی هێزە چەکدارەکان لە شارەکان و گرتنە دەستی دۆسیەی ئەمنی شارەکان و قەزا و ناحیەکان بە کەرکووک و خانەقین و دوز و مەخموور و شنگالیشەوە لەلایەن پۆلیسی خۆجێیی. لەگەڵ چەندین بابەتی دیکە کە پەیوەستن بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە".
ئەوەی پەیوەستە بە بودجە و مووچە و دۆسیەی نەوت و شایستە دارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خالید شوانی گوتی: "رێوشوێنێک دانراوە کە هەنگاوی جیدی بنرێت و شەفافانە هەردوو حکومەت دەست بە دانوستاندن بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. لەو ماوەیەش تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەردەچێت هیچ جۆرە رێوشوێنێک نەگیرێتەبەر دژی هەرێمی کوردستان".
بە بڕوای خالید شوانی، یەکەمینجارە لە دوای ساڵی 201ەوە ئەم حکومەتە لەژێر رۆشنایی وەرەقەیەکی سیاسی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە پێکدەهێندرێت و دەڵێت: "لە حکومەتەکانی رابردوودا هیچ وەرەقەیەکی سیاسی واژۆکراو نەبوو. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەم وەرەقەیە هاتە پەرلەمان و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا".
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیرە نوێیەکەی دادی عێراق لە پشکی یەکێتی گوتی: "وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان شانازی دەکەین کە بەشێک بووین لەم رێککەوتنە؛ توانیومانە ئەو مافانە بچەسپێنین. جیاوازی نێوان ئەو وەرەقەیەش دیارە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێیدا دانوستاندنی کردووە لەگەڵ هەندێک وەرەقەی دیکە کە پێشتر هەبوو و پێمانوابوو هیچی تێدا نەبوو بۆ کورد و مافەکانی گەلی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ