460 هەزار زیارەتکار گەیشتوونەتە عێراق

27-08-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن چلەی ئیمام حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای دەستپێکردنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن 460 هەزار زیارەتکار هاتوونەتە عێراق. تائێستاش 14 زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە چوونەتە عێراق. 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئێوارەی رۆژی شەممە 26-08-2023 رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن تاوەکو رۆژی پێنجشەممە لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی عێراق 459 هەزار و 444 زیارەتکار هاتوونەتە عێراق.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەڵێت، ئاسانکاری بۆ زیارەتکاران لە دەروازەکانی مونزرییە، زرباتییە، شیب، شەلامچە، سەفوان، مەندەلی، کەرکووک، قائیم، فڕۆکەخانەکانی بەغدا ، نەجەف و بەسرە کراوە.
 
هەر لەوبارەوە، کۆمەڵەی هۆتێلەکانی کەربەلا رایگەیاند، هەزار هۆتێل لە شاری کەربەلا هەن، کە 600ـیان گەشتیارین و ئەمساڵ زیارەتکار لە 80 وڵاتەوە هاتوون.
 
لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە پرۆسەی هاتنی زیاتکارەکان لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێکردووە، رۆژی یەکشەممە 27-08-2023، سالار تەحسین، بەرپرسی نیشینگە و پاسپۆرت لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا سەرووی 14 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون، تەنیا دوێنێ شەممە بە زیارەتکار و ئەوانەی بۆ مەبەستی دیکە هاتووچۆیان لەو دەروازە کردووە نزیکەی 6 هەزار کەس بوونە. 
 
بەرپرسی نیشینگە و پاسپۆرت لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران گوتی، رۆژانە 30 بۆ 40 هەزار گەشتیاریش بێن، کێشەیان نابێت و سەرووی 55 کۆمپیوتەریان هەیە، لە 25ـی مانگیشەوە هاتنی زیارەتکاران بەلێشاو دەستیپێکردووە.
 
سالار تەحسین، گوتیشی، ساڵی رابردوو 70 هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە هاتن، ئەمساڵ پێشبینی نزیکەی نیو ملیۆن زیارەتکار دەکەن، جگە لە زیاتکاری ئێرانی، زیارەتکاری ئازەربیجان و تورکیاش هاتوون. 
 
لە دەروازەی حاجی ئۆمەران 1500 کۆستەر ئامادەکراون، توانایان هەیە لە رۆژێکدا 30 هەزار زیارەتکار بگوازنەوە. 
 
ئیمامی حوسێن، کوڕی ئیمامی عەلی، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلامە، ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن. ساڵانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی عێراق دەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە