ئازادکردنی تاوانبارێکی دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال رەتدەکرێتەوە

27-06-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سابیر ئەلدووری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بنەماڵەی سابیر ئەلدووری، بەرپرسی پێشووتری دەزگای هەواڵگریی عێراق رەتیدەکەنەوە سابیر ئەلدووری ئازادکرابێت، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێت ئەلدووری تاوانباری دۆسیەی ئەنفال و هەڵەبجەیە و ئەگەر ئازادبکرێت هەڵوێستیان دەبێت.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی سابیر ئەلدووری، بەرپرسی پێشووتری هەواڵگریی عێراق و یەکێک لە تۆمەتبارانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە سۆشیاڵمیدیا، کوڕێکی ئەلدووری دەڵێت: "هەواڵی ئازادکردنی باوکم راست نییە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت، کە زۆر پێویستی پێیەتی".
 
فیراس سابیر ئەلدوری، کوڕی سابیر ئەلدووری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە: "هەرچەندە سوپاسی هەمووان دەکەین لە ئومێدی باشیان بەرامبەر بە باوکمان، بەڵام راستییەکەی ئەو رزگار نەکراوە". دەشڵێت: "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هەوڵیان داوە و دەیدەن بۆ رزگارکردنی باوکم، بەتایبەت پیاوانی ئاینی و سەرۆکهۆز و سیاسەتمەداران و ئەوانی دیکە".
 
عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی و راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمیمان لەبارەی ئازادکردنی ئەو تاوانبارە پێنەگەیشتووە و ئەگەر شتێکی وەها رووبدات ئێمە پێی رازی نابین و هەڵوێستمان دەبێت".
 
سابیر ئەلدووری، ساڵی 1949 لە ناوچەی دۆری بەغدا لە دایکبووە، لە ئاداری 1967 کۆلێژی سەربازیی تەواوکردووە و دواتر کۆلێژی ئەرکانی تەواوکردووە، لە پرۆسەی دادگاییکردنی کەسە دیارەکانی رژێمی پێشووی عێراق فەرمانی زیندانی هەتاهەتایی لەسەر کەیسەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ دەرچوو.
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر بەعسییەک و ئەفسەرێک کە ئازادبکرێت ئێمە وەک قوربانیان و کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجە ئازار دەدات و پێی نیگەرانین، ئێمە رازی نابین هیچ کەسێک لە تاوانبارانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئازادبکرێت".
 
سابیر ئەلدووری لەسەردەمی رژێمی بەعس چەندین بەرپرسیاریێتی هەبووە، لەوانە: فەرماندی کەتیبەی 14ی رەمەزانی تایبەت بە تانک. فەرماندەی فیرقەی 17ی زرێپۆش. ئەندامی سەرکردایەتی گشتی هێزە چەکدارەکانی لە تەمموزی 1985. لە 1986 بووەتە بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی. لە ساڵی1989 بووەتە فەریق روکن. بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە. ماوەیەک پارێزگاری کەربەلابووە و دواتر بووەتە پارێزگای بەغدا.
 
ئەلدووری بەشداریی چەندین شەڕی کردووە لەوانە شەڕەکانی دژ بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، شەڕی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لە 1968  و 1969 و 1973 ، داگیرکردنی کوێت، شەڕی کەنداو لە ساڵی 1991.
 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە