رووداو دیجیتاڵ
دوای تەواوبوونی پشووەکانی جەژنی رەمەزان، بڕیارە رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەدرێت و خوێندنەوەش بۆ پێنج پڕۆژەیاسای دیکە دەکرێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 27-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بەرنامەی کار کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ دەستپێدەکات.
دیارترین بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بریتین لە:
- دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشک و کیمیایی و بایەلۆژی.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای نووسینگەکانی خزمەتگوزاریی زانستی و راوێژکاری لە دامودەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای چوونی عێراق بۆ نێو رێککەوتننامەی مەراکیش تایبەت بە ئاسانکاری بۆ نابینایان و خاوەن پێداویستییەکان لە خوێندنەوەی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیوەندیکردنی عێراق بە سیستمی بنەڕەتیی رێکخراوی ئیسلامی بۆ ئاسایشی خۆراک.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی دوورکەوتنەوە لە دوو باجی و رێگری لە بەقاچاخبردنی دارایی لە باجی داهات و سەرمایە لەنێوان عێراق و کوێت.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای کرێی زەویی کشتوکاڵی.
دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 کە رۆژی 17-04-2023 تەواو کرا. دانیشتنەکە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 17-04-2023 دەستیپێکرد، دواتر بۆ کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی دووشەممە هەڵگیرا و شەوی هەمان رۆژ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، 2024 و 2025 کۆتاییهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ