لە دیالە بەهۆی داڕمانی خانوویەک دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا

27-03-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای دیالە، بەهۆی داڕمانی خانوویەک، دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان میسرییە و ئەوەی دیکەیان عێراقییە.
  
عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رۆژی دووشەممە 27-03-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەی خان بەنی سەعد لە پارێزگای دیالە، نهۆمی دووەمی خانوویەک لە کاتی دروستکردنیدا رووخا. 
 
بەوهۆیەوە، وەک عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان دەڵێت، دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان بە بنەچە میسرییە و ئەوەی دیکەشیان عێراقی بووە. 
 
ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان سێ کرێکاری دیکەیان رزگارکردووە کە دووانیان میسرین و ئەوەی دیکەشیان عێراقییە کە کەوتبوونە ژێر کۆنکرێتی خانووە رووخاوەکە و گیریان خواردبوو. 
 
عەمید جەودەت عەبدولرەحمان راشیگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناچاربوون کەرەستە و ئامێر جیاوازی فریاکەوتن  بەکاربهێنن بۆ دەرهێنانیان، دواتر بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە نازانرێت بەهۆی هەڵەی ئەندازەیی بووە، یان بەهۆی ئەو بارانە بە لێزمەی ناوچەی گرتووەتەوە، بنمیچەکە رووخاوە. 
 
فارس عەزاوی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیالە رۆژی دووشەممە 27-03-2023 بە رووداوی راگەیاند، تەرمی هەردوو کرێکارەکە گەیێندراونەتە دادپزیشکی بەعقوبە، رێکارەکانیان بۆ تەواوکراوە، تەرمی کرێکارە عێراقییەکە رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە، بەڵام تەرمی کرێکارە میسرییەکە هێشتا لە دادپزیشکییە.
 
فارس عەزاوی روونیکردەوە، تاوەکو سبەی چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی کەسوکاری کرێکارە میسرییەکە بڕۆن و تەرمەکەیان رادەست بکرێتەوە، ئەگەر کەس نەڕوات، تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی بەغدا دەکەن، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر. تاوەکو باڵیۆزخانەی میسر ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی کەسوکارەکەی لێوەی ئاگادار بکرێتەوە. 
 
هەر سێ بریندارەکە کە دوو میسری و عێراقییەکن، وەک ئەو بەرپرسەی تەندروستیی دیالە دەڵێت، لە نەخۆشخانەی گشتیی بەعقوبە چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە