رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کراوە و شنگال لەگەڵ قەحتانیەدا دەبنە بازنەیەکی سەربەخۆی هەڵبژاردن.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە بازنەکانی هەڵبژاردن لە سێ بۆ پێنج کورسین و گوتی لەنێو موسڵدا سێ بازنە هەن و باشووری موسڵ و بەعاج یەک بازنە دەبن کە هەمووی عەرەبە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، تەلەعفەر بازنەیەکی سەربەخۆ دەبێت، تلکێف، وانکێ، بەعشیقە و شێخانیش بازنەیەک دەبن و مەخموور و حەمدانییەش بازنەیەکن.
خەسرۆ گۆران ئاماژەی بەوە دا، کورسییەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووان دانراون.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بازنەکانی کەرکووکەوە رایگەیاند، هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و "بڕوا دەکەم ئەمشەو رێکبکەوین."
بە گوتەی خەسرۆ گۆران، لەبارەی بازنەکانی کەرکووکەوە "دوو بژارە هەن: یان کەرکووک بکرێتە سێ بازنە و ئەوەش دژایەتیی زۆری هەیە. بژارەکەی دیکە ئەوەیە کە رۆژهەڵاتی کەرکووک بکرێتە پێنج بازنە، ناوەڕاست ببێتە چوار بازنە و حەویجەش ببێتە دوو بازنە."
رۆژی شەممە 2020/10/24 پەرلەمانی عێراق بازنەکانی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای جگە لە کەرکووک و موسڵ پەسندکرد.
رۆژی دووشەممەیش 2020/10/26 پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ