رووداو دیجیتاڵ
مەتران نەجیب میخائیل سەرۆکی ئوسقوفییەی کلدانی لە موسڵ بەربژێرکرا بۆ وەرگرتنی خەڵات ساخارۆڤ، ئەوەش بەهۆی رزگارکردنی سەدان بەڵگەنامەی مێژوویی لە دەست چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014دا.
مەتران نەجیب میخائیل لە ساڵی 1990ـەوە کار لەسەر پاراستنی دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکان دەکات لە موسڵ، کە بە گەنجییەنەیەکی مێژوویی دادەنرێت.
یەکێتیی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ دەداتە ئەوانەی لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا کاردەکەن. بڕیارە لە 22ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش براوەی خەڵاتەکە رابگەیێندرێت.
لە ساڵی 2018دا مەتران نەجیب میخائیل بە سەرۆکی ئوسقوفییەی کلدانی لە موسڵ دیاریکراوە، لە لێدوانێکدا دەڵێت، ئەو مێژووەی پاراستوە، نەک لەبەرئەوەی کریستیان بووە، بەڵکو ئەوەی رزگارکردووە وەک مرۆڤ، کە جێگەی بایەخی هەموو مرۆڤایەتییە، وەک ژیانی مرۆڤ، بەهایەکی گەورەی هەیە.
لە 2007ـەوە نەجیب میخائیل و هاوکارەکانی دەستیانکردووە بە گواستنەوە و پاراستنی ئەو دەستنووسانە بۆ ئەوەی لە لەنێوچوون رزگاری بکەن، بەهۆیەوە زیاتر لە هەشت هەزار دەستنووسی بڵاونەکراوەی پاراستووە، کە لە هەولێرەوە ئەو بەڵگەنامەی پاراستووە.
ئەو بەڵگەنامانە زیاتر 25 بابەتی جیاجیا لەخۆدەگرێت، لە ئایینناسی، فەلسەفە، گەردوونناسی، پزیشکی، مێژوو، جوگرافیا، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی 10 و 11 و 12ی زایینی.
هەروەها بەڵگەنامەکانی بە زمانی ئارامی، سریانی، عەرەبی، تورکی، ئەرمەنی، عیبری، فارسی و زمانەکانی دیکە نووسراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ