150 خێزان لە کەمپی هۆل دەگەڕێنرێنەوە

26-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی نزیکەی 150 خێزان لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانەوە، دەگەڕێنرێنەوە عێراق و لە کەمپی جەدعە نیشتەجێ دەکرێن. 
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا رۆژی یەکشەممە 26-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 150 خێزانی نێو کەمپی هۆل ئاگادارکراونەتەوە کە خۆیان ئامادە بکەن، تاوەکو سبەی دووشەممە بگەڕێنرێنەوە عێراق." 
 
ئەو نوێنەرەی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا دەبرێنە ناوەندی دووبارە ئامادەکردنەوە لە کەمپی جەدعە لە باشووری شاری موسڵ. ماوەیەک لەوێ دەمێننەوە، دواتر دەگەڕێنرێنەوە زێدی خۆیان.  
 
زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کەمپى هۆلن، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. کەمپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە.   
 
عەلی جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی شەممە 18-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، 128 ئاوارە کە لە 31 خێزان پێکدێن لە کەمی جەدعەوە لە باشووری موسڵ گەڕانەوە زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەلاحەدین. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژە بەوەکرد، "پێشتر لە کەمپی هۆل بوون، دوای دووبارە ئامادەکردنەوەیان لە کەمپی جەدعە و تەواوبوونی وردبینیی ئەمنی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان گەڕانەوە زێدی خۆیان." ئاماژە بەوەش دەکات، "گەڕانەوەی ئاوارەکان بەردەوام دەبێت." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە