رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامى سەرژمێرى، پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان یەکلایی دەکاتەوە، کە دوو ساڵە بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان زیاتر چوار تریلیۆن دینار کەمتر نێردراوە. سەرژمێری زیاتر لە 100 کورسی بۆ پەرلەمانى عێراقیش زیاد دەکات و گۆڕانکارى لە کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش دەکات.
37 ساڵ بوو سەرژمێری لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە نەکرابوو. پرۆسەکە رۆژانی 20، 21 و 22ی تشرینى دووەم ئەنجامدرا.
بەگوێرەى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، ئەنجامى سەرژمێرییەکە دواى 48 کاژێر بڵاودەکرێتەوە؛ بەڵام عەلی عەریان، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى سەرژمێریى گشتى دانیشتووان لە عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوى گوت، "ئەنجامى بەرایی لە دوو رۆژى داهاتوودا رادەگەیێندرێت."
پرۆسەکە تاوەکو 10ى کانوونى یەکەم بەردەوام دەبێت، ئەوەش بۆ تەواوکردنى قۆناخی سێیەم، کە وەرگرتنى وردەکاریى زیاترە لەو خێزانانەى سەرژمێرییان کردووە.
بودجە دەگۆڕدرێت
ئەنجامى سەرژمێرى، ژمارەى دانیشتووان و شێوازى دابەشبوونیان بەگوێرەى پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان گۆڕانکاری لە پشکى بودجە و دابەشکاریى پڕۆژەکاندا دەکات.
سەلاح عوڕەیبی، پسپۆڕى ئابووریى عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق)دا رایگەیاند، "لەسەر بنەماى ئەنجامى سەرژمێریى گشتى دانیشتووان، پارەى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان و بودجەى هەندێک لە پارێزگاکانیش دەگۆڕدرێت. ئەگەر هەیە هەندێک پارێزگا زیاتر پێویستیان بە پڕۆژە بێت و ئەنجامى سەرژمێرى ئەوە دەردەخات."
ژمارەى دانیشتووان یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى دابەشکاریى بودجەیە، کە لە دوو ساڵى رابردوودا زیاتر لە 200 تریلیۆن دینار بووە.
سەڵاح عورەیبی گوتى، "بودجەى گشتى دەگۆڕدرێت، بەڵام ئەگەر هەیە بودجەى بەکاربردن وەکو خۆى بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەى مووچە جێگیرە. ئەگەر هەیە دابەشکاری لە بەشەکانى بودجەدا رووبدات، چونکە زیادکردنى قەبارەى بودجە بارى سەرشانى دەوڵەت قورستر دەکات."
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2023، 2024 و 2025ى عێراق لەسەر بنەماى خەمڵاندنى وەزارەتى پلاندانان بە 12.7% دیاریکراوە.
بەگوێرەى خەمڵاندنەکە، ساڵى 2023 ژمارەى دانیشتووانى عێراق 43 ملیۆن و 324 کەس بووە، لە کاتێکدا بەپێى ئامارێک کە رووداو دەستى کەوتووە، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان لەو ساڵەدا بەگوێرەى هەمان خەمڵاندن شەش ملیۆن 3554 کەس بووە، بەو پێیە پشکەکەى دەکاتە 13.86%، کەواتە پشکەکەى لە دوو ساڵى رابردوودا 1.19% کەمترى بۆ دانراوە کە دەکاتە دوو تریلیۆن دینار.
کورسى زیاد دەکات
بەگوێرەى مادەى 13ى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق 329 دەبن تاوەکو ئەو کاتەى سەرژمێریى گشتیی نوێی دانیشتووان دەکرێت. ئەو ژمارەیە لە ساڵى 2010وە لە یاساکە جێگیر کرا.
ئەنجامى سەرژمێرى گۆڕانکارى لە کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق دەکات، کە جگە لەوەى لە یاساى هەڵبژاردندا هاتووە، بڕگەى یەکەمى مادەى 49ى دەستوور پێوەرى هەر کورسییەکى پەرلەمانى بەرامبەر بە 100 هەزار کەس دیاری کردووە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) گوتى، "بەگوێرەى دەستوور، دەبێت گۆڕانکارى لە کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق بکرێت و دەستوور لە سەروو یاسا و بڕیارەکانە و دەبێت پابەند بوون پێوەی هەبێت. بۆیە ژمارەى دانیشتووان بەگوێرەى سەرژمێرى چەند بێت، پێویستە ژمارەى کورسییەکانیش بۆ ئەو ژمارەیە بەرز بکرێتەوە."
بەگوێرەى خەمڵاندنى وەزارەتى پلاندانانی عێراق بۆ گەشەى دانیشتووان، ساڵى 2025 ژمارەى دانیشتووان دەگاتە 45.5 ملیۆن کەس، بەوپێیە دەبێت ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق بکرێتە زیاتر لە 450 کورسی و زیاتر لە 100 کورسی زیاد دەبێت.
دارا سێکانیانى گوتى، "بەگوێرەى ژمارەى نوێی دانیشتووان، پشکى کورسى پارێزگاکانیش دەگۆڕدرێت."
کورسی ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش بەگوێرەى ئەنجامى سەرژمێرى دەگۆڕدرێت، هەندێک پارێزگا ئەگەر هەیە زیاد بن و هەندێکى دیکەش کەم بکەن.
یاساى هەڵبژاردن بۆ هەر پارێزگایەک 12 کورسی دیاری کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ژمارەى دانیشتووانى هەر پارێزگایەک لەسەروو یەک ملیۆن کەس بێت، بۆ هەر 200 هەزار کەسێک لەو زیادەیە کورسییەکى دیکەى بۆ زیاد دەکرێت.
بە گوێرەى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، ئەنجامى سەرژمێرى کاریگەرى لەسەر چارەنووسی جێبەجێکردنى مادەى 140 ى دەستوور نابێت بۆ یەکلاییکردنەوەى خاوەندارێتى کارگێڕییان لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى.
لە 19-10-2010 لەسەر داواى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، دادگەى باڵاى فیدراڵى شرۆڤەیەکى بۆ ئەنجامی سەرژمێری کردووە و ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو پرسە پەیوەندى بە گشتپرسی مادەى 140 ى دەستوورەوە نییە کە هەنگاوى کۆتایی یەکلاییکردنەوەى چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ