رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانى شیعەى عێراق واژۆ بۆ کاراکردنى رێککەوتنى چین لەگەڵ عێراق و چوونە نێو دەستپێشخەریى رێگەى بازرگانیی ئاوریشم کۆدەکەنەوە. ئەو پەرلەمانتارەى سەرپەرشتیی کۆکردنەوەی واژۆکان دەکات، دەڵێت: "کاراکردنەوەى ئەو دوو هەنگاوە ماناى ئەوە نییە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا بپچڕێنین".
رۆژی 24ی تشرینى دووەمى 2022، سعود ساعدی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى حقوق کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، هەڵمەتێکى واژۆ کۆکردنەوەى دەستپێکرد بۆ کاراکردنى رێککەوتنى ساڵى 2019ی نێوان حکومەتى عێراق و چین و بەشداریکردنى عێراق لە دەستپێشخەریى رێگەى ئاوریشمی نوێ کە بە "پشتێن و رێگە" ناسراوە.
سعود ساعدى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "زیاتر لە 50 واژۆمان کۆکردووەتەوە و هەوڵدەدەین بەر لە کۆبوونەوەى داهاتووى پەرلەمانى عێراق لە هەفتەى داهاتوو یان ئەولاتر، ژمارەى واژۆکان بگەیێنینە زیاتر لە 100 واژۆ بۆ ئەوەى بڕیارێکى پەرلەمانى لەبارەیەوە دەربکرێت بۆ ناچارکردنى حکومەت بە کاراکردنى رێککەوتنەکە".
رۆژی 25ى ئەیلوولى 2019، حکومەتى پێشووترى عێراق بە سەرۆکایەتیى عادل عەبدولمەهدى هەشت رێککەوتن و یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ چین واژۆ کرد لە بوارەکانى ژێرخان و پیشەسازی و پەیوەندییەکان و ئاسایش و وزە، بەگوێرەى رێککەوتنەکە، لە بەرامبەر جێبەجێکردنى بەشێک لە پڕۆژەکان، عێراق نەوت دەداتە چین.
هەرچى دەستپێشخەریى رێگەى ئاوریشمە کە لە 24ى تەممووزى 2019 لەلایەن چینەوە راگەیێندرا، وەک رێگەیەکى بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنانە کە چین بە کیشوەرى ئەوروپاوە دەبەستێتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت عێراق یەکێک بێت لە وێستگە سەرەکییەکانى ئەگەر بچێتە نێو پەیماننامەى تایبەت بەو دەستپێشخەرییەوە.
سعود ساعدى گوتى: "پێشتر لە سەردەمى حکومەتى عادل عەبدولمەهدى بەهۆى گوشارى سیاسییەوە رێککەوتنى چین جێبەجێنەکرا، بەتایبەت ئەمریکا کە نایەوێت رووسیا و چین رۆڵیان لە عێراق هەبێت و دەیەوێت هەژموونى دارایی و ئابوورى لە عێراق هەبێت، لەکاتێکدا کاراکردنى ئەو رێککەوتنە ماناى ئەوە نییە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا بپچڕێنین".
بەگوێرەى ماددەى 55ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق، 25 پەرلەمانتار دەتوانن داوا بکەن کۆبوونەوەیەکى پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنى پرسێکى دیاریکراو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ