رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات کێشەکانی تایبەت بە بودجە و یاسای نەوت و گاز چارەسەر بکەن.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە، 25-7-2023، لە وەڵامی دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "داوا لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین کێشەکانی بودجە و یاسای تایبەت بە نەوت و گاز بەشێوەیەک چارەسەر بکەن کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی عێراقدا بێت، وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە "پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە بەرگری لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەڤانی و رێگە بە کۆبوونەوەی جەماوەری دەدەن".
پاتێل گوتی، سەرکەوتنی دیموکراسی پێویستی بەوەیە حکومەت مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت کە پێکدێن لە بەرجەستەکردنی ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندانی ئاشتییانە.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: دوو پڕۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمانی عێراق کراون کە ئەگەر تێپەڕێندرێن دەبنەهۆی بەرتەسککرنەوەی ئازادیی رادەڕبرین و گردبوونەوەی ئاشتییانەی عێراقییەکان و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لەنێو عێراق و لە دەرەوەی عێراقیش دەبێت. تێڕوانینی ئێوە چییە لەبارەی ئازادیی رادەبڕین لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق؟
ڤێدانت پاتێڵ: لە هەموو وڵاتانی جیهان، ئێمە پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە بەرگری لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەری دەکەن و رێگە بە کۆبوونەوەی جەماوەری دەدەن کە بەگوێرەی یاسا ئاماژەی پێکراوە. هەموو هاووڵاتییان، لەنێویاندا ئەوانەی کە بەشێوەیەکی ئاشتییانە خۆپێشاندان دەکەن و چالاکڤانانی سڤیل شایەنی ئەوەن بپارێزرێن و مامەڵەی یەکسانیان لەگەڵ بکرێت، وەک لە یاسادا ئاماژەی پێکراوە. بۆ ئەوەی دیموکراسی سەربکەوێت، حکومەت دەبێت وەک لە دەستووردا و یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێکراوە، مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت کە پێکدێن لە بەرجەستەکردنی ئازادی رادەڕبرین و خۆپێشاندانی ئاشتییانە.
رووداو: ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین لە عێراق و هەرێمی کودستانی عێراق هەیە؟
ڤێدانت پاتێڵ: من هیچ هەڵسەنگاندنێکم بۆ ئەو دوو پڕۆژەیاسایە نییە، تەنیا ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئەوە تێڕوانینی ئێمەیە و ئێمە پشتگیری لەو جۆرە هەوڵانە دەکەین کە بەرگری لە ئازادیی رادەڕبرین دەکەن لە جیهاندا.
رووداو: دوایین پرسیارم لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەتی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە پرسی بودجە و دابەشکردنی داهات. حکومەتی هەرێمی کودستان رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووەتەوە لەوەی کە مووچەی هاووڵاتییانی بدات؛ تێڕوانینی ئێوە لەسەر ئەو کێشانەی نێوان عێراق و هەرێمی کودستان چییە؟
ڤێدانت پاتێڵ: وەکو لەمیانی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی ئەمریکا-عێراق لە مانگی شوبات لە واشنتن ئاماژەی پێکرا، بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوامن لە داواکردن لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کێشەکانی بودجە، یاسای تایبەت بە نەوت و گاز بەشێوەیەک چارەسەر بکەن کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی عێراقدا بێت وەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ