پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار: رێککەوتووین هیچ نەڵێین

25-07-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
لێدوانی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو
لێدوانی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە بازاڕی میلیی عەلاویە لە بەغدا، ھەموو شتێک گرانبووە، بەجۆرێک برنج، شەکر، رۆنی شل و پێداویستییەکانی دیکە نزیکەی دوو ھەزار دیناریان چووەتە سەر؛ خەڵک لە حکومەت و بانکی ناوەندی توڕەن کە ناتوانن بەھای دینار بەرزبکەنەوە. 
 
مەحموود عگێلی، فەرمانبەرێکە لە بەغدا و گوتی: خەرجی خانەوادەیەک ئەگەر موەلیدە و کارەبای لێ دەربکەین تەنھا بۆ خۆراک مانگانە پێویستی بە 500 تاوەکو 600 ھەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ دابەزینی بەھای دینار دەگاتە ملیۆنێک یان ھەندێک زیاتر. مووچەی فەرمانبەران بەشی دەکات؟ نەخێر ئەم زیادەیە زۆر کاریگەریی لێکردووین خودا حەقمان بستێنێت لەم کارەی حکومەت. 
 
لیژنەی دارایی پەرلەمان و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کۆبوونەوە، تاوەکو بتوانن بەھای دینار بەرزبکەنەوە. 
 
ئەحمەد موزر جبوری، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەوەی لە قسەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندیم بەدیکرد من گەشبین نیم بڕواشم وایە لە رۆژانی داھاتوو دۆلار زیاتر بەرز دەبێتەوە. 
 
چارەسەرەکان، بەگوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی، "ریشەیی نین، ئێستا بانکی ناوەندی دەیەوێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو مامەڵە بکات، ئەمەش کێشەیەکی دیکە دروست دەکات، ئەگەر بانکە متمانەپێکراوەکان سزابدرێن، ئەوا کۆمپانیاکان بارودۆخەکە خراپتر دەکەن و رەنگە بگاتە ئەو ئاستەی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دروستبکات و رەنگیشە سزا بەسەر بانکی ناوەندی بسەپێنرێت ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت."
 
دوای زیاتر لە دوو کاژێر کۆبوونەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی بەدەموچاوێکی گرژەوە پەرلەمانی جێھێشت و بە رووداوی گوت: بەوجۆرە رێککەوتووین هیچ نەڵێین. 
 
سزادانی 14 بانکی عێراق لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زیانی مانگانەی 140 ملیۆن دۆلاری بە عێراق گەیاندووە. 
 
کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بە میواندارێتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بەبێ ئەنجام کۆتایی ھات. وەک خۆیان دەڵێن، لە دەسەڵاتی ئەواندانییە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبکەنەوە و دەشڵێن، بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر بەشێک لە بانکەکانی عێراق وادەکات بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر داببەزێت.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە