حکومەتی عێراق پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانی ستراتیژی جێبەجێدەکات

24-05-2023
نەهرۆ محەممەد
حکومەتی عێراق پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانی ستراتیژی جێبەجێدەکات
حکومەتی عێراق پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانی ستراتیژی جێبەجێدەکات
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانی ستراتیژی جێبەجێدەکات، کە پرۆژەیەکی ستراتیژیی حکومەتی عێراقە و بەنیازە لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە، بەندەری فاو لە بەسرە بە تورکیا و دواتر وڵاتانی ئەوروپاوە ببەستێتەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ "ئێمە، لەبەردەم کۆنگرەیەکی زۆر گرنگداین لەم مانگەدا کە پەیوەستە بە رێگەی پەرەپێدان، ئەمەش دوای گەڕێکی سەردانکردنمان دێت بۆ وڵاتانی برا و دراوسێ. گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنی بەرایی بۆ خستنەڕووی ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژییە بۆ عێراق و ناوچەکە. پرۆژەکە پێکدێت لە دروستکردنی بەندەر تاوەکو شاری پیشەسازی و شاری نیشتەجێبوون، تادەگاتە ئەو رێگەیەی بەندەری فاو بە تورکیا دەبەستێتەوە لەوێشەوە بە ئەوروپا".
 
هێڵی ئاسنینی پرۆژەکە لە بەندەری فاو تاوەکو پێشابوور بە درێژایی 1200 کم درێژدەبێتەوە. هێڵەکە بە 10 پارێزگادا تێدەپەڕێت. بەگشتی پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت؛ قۆناخی یەکەم ساڵی 2028 تەواو دەبێت؛ قۆناخی دووەم ساڵی 2038 و قۆناخی سێیەمیش ساڵی 2050.
 
بەرپرسانی عێراق دەڵێن، لە قۆناخی یەکەمدا 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێندرێن؛ ساڵانە 35 ملیۆن کۆنتێنەر و 22 ملیۆن تۆن کاڵا دەگوازرێتەوە و خزمەت بە نزیکەی 15 ملیۆن گەشتیار دەکات.
 
یوونس خالید، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنین لە عێراق دەڵێ "نەخشەی هێڵی شەمەندەری نێوان عێراق و تورکیا تەواو بووە کە بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و 15 کۆمپانیای گەورە تێیدا بەشدارن".
 
هەروەها باسی ئەوە دەکات لەڕێگەی ئەو هێڵەوە "عێراق ساڵانە چوار ملیار دۆلاری لەڕێگەی گومرگ و کرێی گواستنەوە کاڵاوە دەستدەکەوێت، ئەوە جگە لەو 750 ملیۆن دۆلارەی لە گواستنەوەی خەڵکەوە دەستی دەکەوێت. هێڵەکە دەبێتە جێگرەوەی نەوت".
 
تێچووی پرۆژەکە 17 ملیار دۆلارە کە 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلارەکەی دیکە تێچووی دروستکردنی هێڵەکەیە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها باسی لەوە کرد "ئەمە پڕۆژەی کۆمپانیاکان یان وەزارەتێک نییە کە گرێبەستێک بکات، بەڵکو بەرژەوەندیی وڵاتانە کە لەسەر مێز گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەمە ئەو دیپلۆماسییە بەرهەمدارەیە، کە پەرەپێدان لە ناوچەکەدا دروستدەکات".
 
بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی رێگەی پەرەپێدانی ستراتیژی، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لە بەغدا کۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی دراوسێی عێراق و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بەڕێوەبچێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."