رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانووستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە بەغدایە.
رۆژی دووشەممە 24-01-2022، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکە لە بەغدایە و بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەردانەکەیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئامانجی سەرەکیی شاندەکە گفتوگۆکردنە لەسەر بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کە هۆشیار زێبارییە.
لە ساڵی 2005ـەوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بە سووننەکان بووە. لە ساڵی 2005ـەوە پۆستەکەی کورد لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە؛ ئەم خولە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بەربژێری خۆی بۆ کۆشکی سەلام سەربخات.
لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021، پارتی و یەکێتی لە چەندین لێدوان و چەند کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە یەکدەنگیی کورد لە بەغدا کردەوە، بەڵام یەکلانەبوونەوەیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، شاندی هەردوو لایەنەکەی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا لێک جیاکردەوە.
رۆژی یەکشەممە 23-01-2022 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبووەوە، دواتر بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "كۆبوونەوەكەدا هەڵوەستەی جیددی لەسەر ئەو پرسە كرد و پێیوابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی ناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان بەربژێرێکی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشكێش كردووە".
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی، "ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی بەربژێری یەكێتی بۆ ئەو پۆستە كە هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە".
پێش پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی ئامادەی رێککەوتن نەبووە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، بۆیە ئەوانیش وەکو پارتی بەربژێریان هەبووە؛ گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ چەند لایەنێکدا رێککەوتنمان هەیە و پێشمانوایە کە بەربژێرەکەمان سەردەکەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ