رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داتا و زانیارییەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی کوشتنی تۆمارکراو لە وڵاتەکەدا بۆ ساڵی 2021 بڵاوکردەوە.
لیوا خالید موحەننا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: "هێزەکانی پۆلیس پێشڤەچوونیان لە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئاشکراکردنی تاوانەکاندا بەدەستهێناوە؛ بەڵگەش بۆ ئەو کارە ئەوەیە کە زۆرینەی دۆسێیەکانی کوشتن ئاراستەی دادگاکان دەکرێن دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان و لەوێ سزا بۆ تاوانکاران دەردەچێت."
لیوا خالید موحەننا دەڵێت، ژمارەی تاوانەکانی کوشتن لە ساڵی 2021دا لە عێراق 1077 تاوان بووە؛ ئەنجامدەری 666 تاوانیان ئاشکراکراوە کە رێژەکەی دەکاتە 61%ی کۆی تاوانەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، دۆسێیەکانی هەوڵدان بۆ کوشتن لەماوەی ساڵەکەدا گەیشتووەتە 1646 دۆسێ، کە کۆی 907 دانەیان ئاشکراکراون و رێژەکەی دەکاتە 55%.
لیوا خالید موحەننا باس لەوە دەکات، عێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە 11216 تاوانی لەخشتەبردنی بەخۆوە بینیوە، کە 7961 دانەیان ئاشکراکراون، کە دەکاتە رێژەی 71%، لە کاتێكدا تاوانی بەسەردادانی چەکداری بۆ سەر کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان 7 دانە بووە و 4 دانەیان ئاشکرا کراون کە دەکاتە 57%.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق زیاتر دەڵێ، بە بەراوردکردنی ژمارەکانی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو، روون دەبێتەوە تاوانەکانی تووندوتیژی و هەوڵدان بۆ کوشتن و دەستبەسەرداگرتن پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، چونکە کوشتنی بەئەنقەست ساڵی رابردوو 1269 دانەبووە و ئەمساڵ 1077 دۆسێ بووە، واتە بەڕێژەی 15% کەمیکردووە. بۆ تاوانەکانی رفاندن ساڵی رابردوو 158 دۆسێ بووە و ئەمساڵ 125 دۆسێ بووە کە 21% کەمیکردووە. هەرچی تاوانی لەخشتەبردنە لە نێوان ئەمساڵ و ساڵی رابردوودا، بەرزبوونەوەیەک بەڕێژەی 10% تۆمارکراوە.
موحەننا دەڵێ، زۆرینەی تاوانە تۆمارکراوەکانی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو، لەلایەن بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرەوە ئەنجامدراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ