بەرپرسێکی پێشووی داعش گۆڕێکی بەکۆمەڵی هێزە ئەمنییەکان لە فەلووجە ئاشکرا دەکات

23-10-2023
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی ''ئەبو قوسەی''، بەرپرسی مەیدانیی داعشی لە کەرکووک راگەیاند. ئەو بەرپرسەی داعش لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا زانیاریی لە بارەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی لە فەلووجە ئاشکرا کردووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 23ی ئۆکتۆبەری 2023، ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی چۆنیەتی پلاندانان و دەستگیرکردنی بەرپرسێكی داعش دەکات لە کەرکووک.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەدوای زانیاری هەواڵگریی تیمەکانی باکووری بەغدا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووک لە بۆسەیەکدا توانرا ئەبو قوسەی دەستگیر بکەن، کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاسایشی داعش بووە لە سنووری فەلووجە.
 
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، ئەو کەسە لە دوای دەستگیرکردنی، شوێنی گۆڕێکی بە کۆمەڵی هێزە ئەمنییەکانی لە ناوچەی گەرمەی فەلووجە ئاشکرا کردووە کە لە ساڵی 2015 لەلایەن داعشەوە بە دیل گیراون و دواتر لەنێو خانووێکدا ''کۆمەڵکوژکراون''.
 
بە گوتەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەبو قوسەی باسی لەوە کردووە لە نێو ئەو خانووەدا باخچەیەکی گەورە هەبووە و تەرمەکانیان تێدا شاردووەتەوە.
 
لە ناوەڕاستی 2014، قەزای فەلووجە لە پارێزگای ئەنبار کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش، لە 22ی ئایاری 2016 سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کۆنتڕۆڵكردنەوەی دەستپێکرد و دوای مانگێک توانی قەزاکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە