سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو: بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکەین

23-06-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-06-2022 جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کێشەیەکمان لە بەشداریکردنمان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە؛ ئەوەی دەکرێت رێکارێکی سرووشتییە و رێز لە ویستی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر دەگرین کە دەستیان لە کار کێشایەوە."
 
لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی، بە دڵنیاییەوە رەوتی سەدر فراکسیۆنێکی گەورە و لایەنێکی سیاسیی سەرەکییە لە هاوکێشەی عێراقدا و کشانەوەیان کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر دۆخی عێراق.
 
بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق، بڕیار بوو کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ سوێندخواردنى پەرلەمانتارانى نوێ لەجیاتی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانى فراکسیۆنى سەدری.
 
نەجوا کاکەیی و مەحما خەلیل، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، "فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەکات."
 
هاوکات هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان بڕیاریاندا بەشداریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بکەن.
 
هاوپەیمانییەکە خاوەنى 62 پەرلەمانتارە و تاوەکو درەنگانێکی شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەدا بوون؛ دوای کۆبوونەوەکە، یەحیا محەممەدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سەروەری رایگەیاند، "کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان پەیامێکە بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان و جەماوەرەکەیان کە هاوپەیمانییەکە بەهێز و پتەوە، دەستبەرداری مافی پارێزگا ئازادکراوەکان نابێت و بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش دەکات."
 
لەوبارەوە محەممەد تەمیمى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى سەروەری بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارمانداوە بە سەرجەم ئەندامەکانمانەوە بەشداری لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ 23ى حوزەیرانى پەرلەمانى عێراق بکەین."
 
رۆژی 12ى حوزەیرانى 2022، موقتەدا سەدر لە نامەیەکدا کە ئاراستەى حەسەن عەزارى، سەرۆکى فراکسیۆنى سەدری کرد، داواى لێکرد نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ئەندامانى فراکسیۆنەکە رادەستى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بکات. دواتر 73 پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنەکە بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو بنبەستە سیاسییەی لە عێراق هەیە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.

پارێزگای دیالە بۆ فەرمانبەران: ئاگاداری مووچەکانتان بن نەدزرێت

بە ژمارەی نەناسراو پەیوەندی بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی پارێزگای دیالەوە دەکرێت. گوتەبێژی پارێزگاکە هۆشداری دەداتە کارمەند و مووچەخۆران و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک فریو نەخۆن، ئەگەرنا مووچەکانتان دەدزرێت.