رووداو - هەولێر
لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا سێ هەزار و 931 رێگەپێدانى هاوسەرگیریى دووەم لە دادگەکانى 15 پارێزگاى عێراق تۆمارکراون، پارێزگاى نەینەوا یەکەم و کەربەلا کەمترینە، ئەوە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەگوێرەى ئەو ئامارەی کە "بڵاوکراوەى قەزا"ى تایبەت بە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە 22ى ئەیلوولی 2022 بڵاویکردووتەوە، لە نیوەى یەکەمى ساڵى 2022 دا دادگەى پێداچوونەوەى نەینەوا 618 مامەڵەى رێگەپێدانى هاوسەرگیریى دووەمى پێگەیشتووە.
بەگوێرەی ئامارەکە، نەینەوا لە ریزبەندى یەکەمدایە لەسەر ئاستى 15 پارێزگاى عێراق جگە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و بەدوای ئەودا پارێزگاى سەڵاحەددین دێت کە دادگەى پێداچوونەوەى پارێزگاکە 440 داواکاریى رێگەپێدانى پێگەیشووە بۆ هاوسەرگیریى دووەم و بەسرە بە پلەى سێیەم دێت بە 432 مامەڵە. هەروەها لە پارێزگاى کەربەلا کەمترین داواکاریى رێگەپێدانى هاوسەرگیریى دووەم بە دادگە گەیشتووە کە تەنیا 74 مامەڵە بووە.
لە یاساى بارى کەسێتیى ژمارە 188ى ساڵى 1959ی عێراق، باس لە مەرجى رەزامەندیى هاوژینى یەکەم نەکراوە لەسەر پیاو بۆ ئەوەى هاوژینى دووەم بخوازێت، بەڵام دوو مەرجى دیکە هەیە کە بریتین لە بوونى توانای دارایی پێویستی پیاوەکە بۆ بەخێوکردنى دوو هاوژین، ئەوە جگە لە بوونى بەرژەوەندییەکى رەوا بۆ ئەوەى هاوژینى دووەم بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ