رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەچێتە پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانیش لەگەڵ سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
زۆزان عەلی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی کشتوکاڵ، میوانداری وەزیری کشتوکاڵی عێراق و شاندی وەزارەت دەکات، تێیدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی دۆخی کشتوکاڵ بە گشتی و کێڵگە پەلەوەرییەکان و چۆنییەتی هاوکاری و ئاسانکارییکردن بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان.
زۆزان عەلی گوتی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا چۆنییەتی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی، تووندتۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هاوردەی بەرهەمی دەرەکی بەشێوەیەکی نایاسایی باس دەکرێت.
هەر لەو بارەوە فالح خزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ گفتوگۆ لەسەر پلانی پشتیوانی بەرهەمی نێوخۆیی و جووتیاران دەکەین. لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان هەمواری ئەو یاسایانە دەکات کە پەیوەندییان بە کاری وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەیە."
هەر ئەمڕۆ، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی باشتر راییکردنی کاری لیژنەکان و ئامادەکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی کە جێگەی بایەخی خەڵکن.
هەر ئەمڕۆ، لیژنەی ئاسایشی بەرگری کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەدات لەبارەی رووداوەکانی ئەلبوبالی و تارمییە.
سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەممەد حەلبووسی، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لێکۆڵینەوە لە رووداوە ئەمنییەکانی ناوچەی ئەلبوبالی و تارمییە دەکات.
سەگڤان یوسف گوتی: "لیژنەکەییان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆدەبێتەوە و دوو لیژنە پێکدەهێنێت. یەکێکیان دەچێتە ئەلبوبالی لە سنووری پارێزگای دیالە و ئەوی دیکە دەچێتە ناوچەی تارمییە لە باکووری بەغدا و لێکۆڵینەوە لە هەردوو رووداوەکە دەکەن و دواتر راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزدەکەنەوە و راسپاردەکانیان دەخەنەڕوو. دواتر لە ژێر رۆشنایی راپۆرتەکەیان رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر."
رۆژی دووشەممە 20-2-2023، لە هێرشێکدا لە ناوچەی ئەلبوبالی لە سنووری قەزای خاڵسی پارێزگای دیالە حەوت کەس کوژران و سێی دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هێرش و رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکەی هێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش، چوار سەربازی عێراق کوژران، شەشی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان ئەفسەرێکە بە پلەی موقەدەم و یەکێکی دیکەیان پلەی ملازمە.
لە رووداوەکەدا یەکێک لە چەکدارانی داعش خۆی بە هێزە ئەمنییەکاندا تەقاندەوە، رووبەڕووبوونەوەکەش لە باخەکانی عگێلی و ئەبو حۆسە لە قەزای تارمییەی بەغدا روویداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ