رووداو دیجیتاڵ
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، 40٪ تا 50٪ی وزەی کارەبای عێراق، پێش ئەوەی بگاتە ماڵان، بەفیڕۆدەچێت.
رۆمانۆوسکی رۆژی پێنجشەممە، (20ی کانوونی یەکەمی 2023) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دەکرێت تۆڕە کۆنەکانی کارەبا تاوەکو 70٪ی کارەبا بەهۆی لێنەهاتوویی و دزەکردنەوە لەدەست بدەن، مەزەندە دەکرێت کە تۆڕی کارەبا لە عێراقیش لەنێوان 40٪ تا 50٪ی کۆی ئەو وزەیەی کە بەرهەمی دەهێنێت، پێش ئەوەی بگاتە ماڵەکان، لەدەست بدات."
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا روونیشیکردەوە، وڵاتەکەی "لەگەڵ کۆمپانیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کاردەکات بۆ ئەوەی تەکنەلۆجیای نوێ بۆ عێراق دابینبکەن و کارەبای زیاتر بۆ ژمارەیەکی زیاتری خێزانەکان دابین بکەن، بەتایبەتی لە مانگە گەرمەکانی هاویندا".
قەیرانی کارەبا یەکێکە لە خراپترین کێشەکان کە عێراقییەکان لە ساڵی 2003ـەوە بەدەستیەوە دەناڵێنن، سەرەڕای ئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 40 ملیار دۆلاریان بۆ ئەو کەرتە خەرج کردووە. وڵاتەکە رۆژانە بۆ ماوەیەکی درێژ بێ کارەبایە، بە تایبەتی لە وەرزەکانی زستان و هاوین، کە ئەوەش وایکردووە عێراقییەکان بە شێوەیەکی گەورە پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان ببەستن تاوەکو وزەیەکی سنوورداریان دەستبکەوێت.
خەمڵاندنە نافەرمیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 4.5 ملیۆن مۆلیدەی قەبارە گەورە لە عێراقدا هەن.
لە ساڵی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق رایگەیاند، عێراق نزیکەی 81 ملیار دۆلاری لە کەرتی کارەبا خەرج کردووە، "بەڵام گەندەڵی بەربەستێکی بەهێز بووە لەبەردەم دابینکردنی وزە بۆ خەڵک بە شێوەیەکی جێگیر."
راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاماژە بەوە دەکات، توانای بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای عێراق نزیکەی 32 هەزار مێگاواتە، بەڵام بەهۆی تۆڕە کۆنەکانی گواستنەوەی کارەبا، تەنیا نیوەی بەرهەمدەهێنێت، هەروەها خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق پێویستی بە 40 هەزار مێگاوات هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، بەدەر لە پێداویستییە پیشەسازییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ