بەشێک لە دانیشتووانی حەمدانیە ئامادەکاری بۆ کریسمس و سەری ساڵی نوێ دەکەن

21-12-2021
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بۆنەی نزیکبوونەوەی کریسمس و سەری ساڵی نوێی زایینییەوە، ژمارەیەک گەنج لە شاری حەمدانیەی کریستیاننشین لە دەشتی نەینەوا هەوڵی دڵخۆشکردنی دانیشتووان دەدەن. ئەوان جلی کەسایەتی ئەفسانەیی سانتاکلەوس ـیان پۆشیوە و چوکلێت دابەش دەکەن بەسەر منداڵاندا بۆ دڵخۆشکردنیان. 
 
مارتن بنایە، دانیشتووی حەمدانیەیە و دەڵێت، "ئێمە دوای گەڕانەوە، لەبەرئەوەی کولتووری بابانۆئێلمان هەیە، بیرۆکەمان هەبوو کە پێکهێنانی گرووپی گەنجانی خۆبەخشی لە شاری بەغدیدە لێکەوتەوە؛ ئامانجەکە ئەوە بوو پێکەنین بخەینە سەر رووخساری منداڵان، هەروەها گەورەکانیش، کە ئەمڕۆ پێویستیانە. مرۆڤ لێرە تەنیا ئازاری دەچەشت؛ ئەو ئازادییەمان نەبوو کە ئەمڕۆ هەمانە."
 
ئەم دەستپێشخەرییە هەوڵێکە بۆ لەبیربردنەوەی نەهامەتییەکان و ناخۆشییەکان، کە لە ساڵی 2014 ـەوە روویان لە ناوچەی حەمدانییە کرد، کە کریستیانەکان پێی دەڵێن بەغدیدە.
 
کریستیان بوترس، دانیشتوویەکی دیکەی حەمدانیەیە و دەڵێت، "ئێمە ئەمساڵ، سوپاس بۆ خودا، سانتاکلەوسمان بینی، کە دڵی منداڵان خۆش دەکا؛ ساڵانی رابردوو نەماندەبینی، چونکە پار دۆخی کۆرۆنا هەندێک سەخت بوو، ساڵانی پێش ئەوەش داعش هەبوو."
 
کەسێکی دیکە لە حەمدانییە بەناوی رانی باسم کە بەشداریی رێوڕەسمەکەی کردووە دەڵێت، "پێویست بوو دیاری پێشکێش بکەین، با بە شێوەزاری خۆجێیی بڵێم چوکلێتمان پێشکێشی منداڵان کرد، منداڵەکان بەوە دڵخۆش دەبن، خێزانەکان دڵخۆش دەکەین، پێکەنین لەسەر رووخساری منداڵەکان دروستدەکەین، چونکە ئاگادارن گەلی عێراقی نەهامەتی زۆری چەشت، ئێمە بەپێی توانامان پێکەنین لەسەر رووخساری منداڵان دروستدەکەین."
 
گەڕانەوەی کەشی خۆشی و ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵی نوێ بۆ حەمدانییە، دەستکەوتێکی دیکەی کۆنترۆڵکردنەوەی حەمدانیەیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 کەوتە دەستی داعش و دانیشتووانەکەیان ناچاری هەڵاتن کرد و دواتریش بەشی زۆری ناوچەکەیان خاپوور کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی واژۆکردنی گرێبەستەکە.

عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى لەگەڵ کۆریاى باشوور واژۆ کرد

وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى بەرگریى ئاسمانی لە کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور واژۆ کرد، بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان، یەکەمجارە دواى ساڵی 1991 عێراق ئەو جۆرە مووشەکە بکڕێت.