کەسایەتییەکی ئایینیی شیعە: گێڕانەوەکان بە پەسندی نازانن هاوژینی لەنێوان کورد و عەرەب بکرێت

21-10-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتاربێژێکی شیعە دەڵێت، بەپێی گێڕانەوەکان، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەنێوان کورد و عەرەب "پەسند نییە"، چونکە هەریەکەیان خاوەنی کولتوور، سرووشت، دابونەریت و ئاکاری جیاوازن و هەربۆیە ئەو هاوژینییە بە جیابوونەوە کۆتاییدێت. دەشڵێت، بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە کوردەوە، بەڵکو هاوژینی لەگەڵ چەند نەتەوەیەکی دیکەش بە پەسند نازانرێت.
 
شێخ حوسێن ئەمیری، گوتاربێژی ئایینیی شیعە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ کورد گونجاوە یان نا، چونکە بەپێی هەندێک گێڕانەوە، "کورد بەشێکن لە نەتەوەی جنۆکەکان"، شێخ حوسێن گوتی، لە راستیدا چەندین جۆر لە گێڕانەوە هەن کە دەڵێن، "پەسندنییە هاوسەرگیریی لەگەڵ کورد بکرێت بەهۆی ئەوەی ئەوان نەتەوەیەکی جنۆکەکانن و پەردەیان لەسەر لادراوە". دەشڵێت، "لەلایەکی دیکەوە چەند گێڕانەوەی دیکەش هەن رێگرن لە هاوسەرگیریی کردن لەگەڵ رەشپێستەکان، بەهۆی ئەوەی دروستکراوێکی شێواون." 
 
ئەو کەسایەتییە ئایینییە دەڵێت، گێڕانەوەکان هۆشداریی لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ "سیند و هیند"ـەکانیش دەدەن کە هیندستانییەکان، پاکستانییەکان، خەڵکی خوزستان و ئەو عەرەبانەی لە باشووری ئێران نیشەجێن، دەگرێتەوە. دەشڵێت، گێڕانەوەکان هەروەها باس لە ناپەسندیی هاوژینی لەگەڵ "نەبەتییەکان" ئەو هاووڵاتییانەی کە لە شوێنەکانی وەک سووریا، لوبنان، فەلەستین و هەندێکیشیان لە باشووری عێراق نیشتەجێن دەدەن، چونکە هەر یەک لەو هۆز و نەتەوانە کولتوور، سرووشت، دابونەریت و ئاکاری تایبەت بە خۆیان هەیە و گونجان لەنێوانیان روونادات.
 
"پارچەی ئۆتۆمبێل بۆ ئۆتۆمبێلی دیکە ناگونجێت"

 

شێخ حوسێن ئەمیری لە بەشێکی قسەکانیدا بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە گونجاو نییە هاوژینی لەنێوان خەڵکی کولتوورە جیاوازەکان بکرێت نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت، بۆ نموونە بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلێک ئەگەر پێویستی بە پارچە یەدەگێک هەبێت، بەشێک لە پارچە یەدەگەکە لە کارگەیەک بهێندرێت و کەرەستەیەکی دیکەشی لە کارگەیەکی جیاواز بهێندرێت و بەیەکدییەوە بلکێندرێت، رەنگە ئۆتۆمبێلەکە کار بکات، بەڵام بە باشی چاک نابێتەوە. بە پێچەوانەوە "ئەگەر بێتوو هەموو کەرەستە و پارچە یەدەگەکانمان لە بەرهەمی یەک کارگە بەکارهێنا ئەوکات هەموو پارچەکان گونجاودەبێت و هیچ کێشەیەکیان نابێت." 

 

 
ئەو کەسایەتییە گوتیشی، کاتێک ژن خاوەنی نەریتی جیاواز بێت و کەسێکی دیکەیش بۆ نموونە کورد هەڵگری تایبەتمەندیی جیاوازە، هاوژینی پێکبهێنن، ئەوا بێگومان گونجانی پێویست لەنێوانیان روونادات و بەرەو جیابوونەوە دەچن.
 
شێخ حوسێن گوتی: "کورد گەلێکن کە کولتوور، نەریت، رەوشت و ئاکاری تایبەت بە خۆیان هەیە و خاوەن هۆزی تایبەتن، بەهەمان شێوە عەرەبیش." هەریەکێک لەمانە لە ژینگەیەکی جیاوازەوە گەورە بوون و هەڵگری کۆمەڵێک نەریتی جیاوازن، بۆیە ئاسان نییە گونجاندن لەنێوان ئەو ژن و پیاوەدا رووبدات کە هاوژینی پێکدەهێنن، هەربۆیە چارەنووسیان جیابوونەوەیە. 
 
"ئیسلام دوور دەڕوانێت"
 
شێخ حوسێن ئەمیری بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و باس لەوە دەکات کە ئیسلام لەم بابەتە دوور دەڕوانێت و نموونەی فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەهێنێتەوە کە لەبارەی داواکاریی هاوژینییەوە دەڵێت: "إذا جاءكم من ترضون دينه وخلقه فزوجوه". ئەو پێیوایە لێرەدا وشەی "خلقه" تەنیا مەبەستی رەوشت نییە، بەڵکو بابەتەکە گەورەترە لە رەوشت؛ دابونەریت، رۆشنبیری، بڕوانامە، سرووتی کەسەکە و کولتوور و زۆر شتی دیکە دەگرێتەوە.  
 
ئەو کەسایەتییە ئایینییە ئاماژە بەوەش دەکات کە "هاوژینی لەگەڵ قەندەهارییەکان" پەسند نییە کە ناوچەیەکە لە ئەفغانستان و دەڵێت: "نابێت هاوژینی لەگەڵ کچەکانمان پێکبهێنن."
 
"پەسند نییە موسڵمانێکی چینی لەگەڵ کچێکی عێراقی هاوژینی بکات"
 
شێخ حوسێن ئەمیری کە لەدایکبووی ساڵی 1967ـە و لە یەکێک لە مزگەوتەکانی کەربەلا گوتاربێژە، دەیەوێ بە هێنانەوەی نموونەی زیاتر رەوایەتیی بە "ناپەسندیی هاوژین"ـی لەنێوان بەشێک لە نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان بدات و دەڵێت: "بۆنموونە، پەسند نییە موسڵمانێکی چینی هاوژینی لەگەڵ کچێکی عێراقی بکات. ئاخر ئەوە چۆن گونجان لەنێوانیان روودەدات کاتێك هەریەکەیان هەڵگری دابونەریتێکی جیاوازە؟"
 
ئەو مامۆستا ئایینییە دەگەڕێتەوە سەر قسەکانی سەرەتای و دەڵێت: "بابەتەکە تەنیا کورد نییە، بەڵکو لەبەر ئەو هۆکارانەیە کە گێڕانەوەکان هۆشداری لە هاوژینی لەنێوان کولتوورە جیاوازەکان دەدەن و پێیانوایە کە چارەنووسیان بە جیابوونەوە کۆتاییدێت".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە