فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: کۆتایی ئەم مانگە هێزەکانی ئەمریکا لە هەریر و عەین ئەسەد دەکشێنەوە

21-09-2021
گۆڤەند مستەفا
تەحسین خەفاجی: مووچەی لیوا هاوبەشەک لە ناوچە دابڕاوەکان بەغدا دەیدات
تەحسین خەفاجی: مووچەی لیوا هاوبەشەک لە ناوچە دابڕاوەکان بەغدا دەیدات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عێراق رایدەگەیێنێت، کەرکووک زۆرترین مەترسیی داعشی لەسەرە لە هەڵبژاردندا، دوای ئەویش موسڵ و دیالەن، هەروەها دەشڵێت، "رێکاری تووند گیراوەتە بەر بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش".
 
ئەمڕۆ سێشەممە 21-09-2021، لیوا تەحسین خەفاجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەوڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوراز گوڵپی لە بەغداوە پێشکەشی دەکات، رایگەیاند : "رێگە نادەین کەس لەژێر هیچ گوشارێکدا دەنگ بدات"، دەشڵێت، "پلانی هێرشی داعش لە رۆژانی رابردوو لە کەرکووک پووچەڵ کراوەتەوە".
 
تەحسین خەفاجی ئاماژە بەوەش دەدات لە کۆتایی ئەم مانگە هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە بنکەی هەریر و عەین ئەسەد دەکشێنەوە و لە شوێنی ئەوان راوێژکار و راهێنەر دێن.
 
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عێراق لەبارەی دروستکردنی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاماژە بەوە دەدات، حکومەت رازی بووە لەسەر پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە، ئەو دوو لیوا هاوبەشە پڕچەک دەکرێن و راهێنانیان پێدەکرێت و لەو ناوچانە دابەش دەکرێن کە داعشی تێدایە، واتە لەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە سەرکردایەتی دەکرێن، بە دڵنیاییشەوە مووچەیان لەسەر وەزارەتی بەرگری دەبێت.
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لیوا تەحسین خەفاجی گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان:
 
رووداو: ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانە چین کە لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندان؟
 
تەحسین خەفاجی: بە دڵنیاییەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، پێش 3 مانگ دەستمان بە دانانی پلانی ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردن کردووە. تایبەتمەندیی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە کە پێشوەختەیە، دەبێت ئامادەکارییەکانیشمان پێشوەختە بن. هەروەها چەندین ئاڵنگاری گەورە لە بەردەممان هەیە.
یەکەم و گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم هەڵبژاردن داعش و تیرۆری داعشە، خاڵی دووەم دۆخی تەندروستیی پەتای کۆرۆنایە. ئاستەنگ و ئاڵنگاریی سێیەم چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانە، پێویستە ئەو ئاڵنگارییانە بخرێنە نێو پلانە ئەمنییەکان.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە هەموو پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە، رێنوێنیی داوەتە هەموو فەرماندەییەکان بۆ ئەوەی ئازاد بن لە دانانی پلانێکی ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردن، ئەو پلانە دابەشکردنی ناوەندەکانی دەنگدان و دابینکردنی ئاسایش بۆیان دەگرێتەوە، لە هەمان کاتدا پشت دەبەستێت بە خێرایی بەرپەرچدانەوە لەلایەن ئەو هێزانەوە.
لە چوارچێوەی ئەو ئاڵنگارییانە دەستمان بە شیکردنەوەی ئەو پلانانە کردووە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و لیژنەیەکی باڵا دەستیان بە سەردان کردووە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و دوایینیشیان هەرێمی کوردستان، گوێیان لە پلانە ئەمنییەکانیان گرتووە، هاوکات دابەشکردنی هێزە ئەمنییەکان.
ئاڵنگارییەکی دیکەشمان هەیە، کە ئەویش ئاڵنگاریی سندووقەکانی دەنگدانە، کە مەبەست لێی گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدانە و دانانی لە کۆگایەکی سەلامەت، کە رووبەڕووی سووتان و لەنێوچوون نەبێتەوە.
 
رووداو: چ جۆرە هێزێک سندووقەکانی دەنگدان دەپارێزن لە شارەکان و دەیانگوازنەوە بۆ ناوەندی سەرەکی لە بەغدا؟
 
تەحسین خەفاجی: لە راستیدا ئەو هێزانە بەسەر هێزە ئەمنییەکان دابەشکراون، هێزێکی تایبەت سندووقەکانی دەنگدان دەگوازنەوە و لە شوێنێک دایدەنێن کە بۆی دانراوە.
ئێمە پلانی ئەمنیی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنمان هەیە، پێش هەڵبژاردن گەیاندنی دەنگدەرە بە بنکەکان و پرۆسەی دەنگدان، رێگەگرتن لە هەر دەستکاریکردنێک و دروستکردنی پشێوی و دوو دڵی لە دەرەوەی ناوەندەکانی دەنگدان و رێگریکردن لە هێنانی دەنگدەر لەژێر گوشار، بۆ هەموو ئەمانە پلانی ئەمنیی تایبەتمان هەیە.
دوای پرۆسەی هەڵبژاردن، پلانی دیکەمان هەیە، کە ئەویش گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدانە، کە هێزێکی تایبەتمان بۆ تەرخانکردووە ئەو سندووقانە دەگوازنەوە، ئەو شوێنەی کە ئەو سندووقانەی لێ دادەنرێت، شوێنێکی تەواو ئەمنی دەبێت و کەس بۆی نییە بچێتە ئەو شوێنە تەنیا ئەو هێزە ئەمنییانە نەبێت کە مۆڵەتپێدراون.
 
رووداو: ئەو هێزەی پێکدەهێندرێت سەر بە وەزارەتی بەرگری دەبێت؟
 
تەحسین خەفاجی: تەنیا وەزارەتی بەرگری نییە کە بەشداری کردووە، بەڵکو وەزارەتی ناوخۆ، هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانیش بەشدارن. تەنیا دوو هێز بەشداری ناکەن ئەوانیش دەزگای دژە تیرۆر و حەشدی شەعبین. ئەمانە هێزی یەدەگ دەبن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هەر کاتێک پێویست بێت بەکاریان دەهێنێت، ئەمە لەلایەک.
ئەو هێزەی ئامادەمان کردووە پشت بە پارێزگاکە دەبەستێت، پارێزگاکە هێزی ئەمنی لە سوپای عێراقی و پۆلیسی فیدراڵی لێیە، ئەوان ئەو هێزە پێکدەهێنن و ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن.  
 
رووداو: لە موسڵ و کەرکووک و ئەنبار و دیالە و سەلاحەدین، داعش دەتوانێت مەترسی بۆ سەر پرۆسەی هەڵبژاردن دروست بکات؟
 
تەحسین خەفاجی: داعش لە رۆژانی رابردوودا هەوڵیدا مەترسی و هەڕەشە دروست بکات، بەتایبەت لەسەر کەرکووک و موسڵ و دیالە، لە رومادی کاریگەریی کەمترە، بەڵام لە کەرکووک پێش هەموویان مەترسییەکە هەیە، پاشان دیالە و دواتر موسڵ. بەڵام هۆشیاری هێزە ئەمنییەکانمان و گۆڕانکاری لە شێوازی پلانە ئەمنییەکانمان و ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە، رۆڵیان هەبووە لە راگرتنی ئەو مەترسییانە.
بە نموونە لە رێوڕەسمی سەردانی چلەی ئیمام حوسێن خودا لێی رازی بێت، لە رێگەی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و پلانە ئەمنییەکانمان و سوود وەرگرتن لە هێرشی پێشوەختە بۆ پاراستنی رێوڕەسمەکە سوودی هەبوو، لە داهاتووشدا لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبین بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش.
بۆیە داعش لە رێگەیە چەند کردەوەیەکەوە هەوڵیداوە ئەو پەیامە بگەیێنێت کە دەتوانێت هەڕەشە لەسەر ناوەندەکانی هەڵبژاردن دروست بکات، دەتوانێت هەڕەشە لەسەر چەند گوندێک دروست بکات، بەڵام بەرپەرچدانەوەی خێرای هێزەکانمان و دەستگیرکردنیان و کوشتنی هەندێکیان، زانیاریی زۆر گرنگمان لێیانەوە وەرگرتووە کە رۆڵی دەبێت لە راگرتن و پێشگرتن لەو کردەوانەی کە لە داهاتوودا ئەو داعشانەی ماون بیانەوێت ئەنجامی بدەن.
 
رووداو: دۆخی ئەمنیی ئێستای تارمیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
تەحسین خەفاجی: دەتوانم بڵێم ئێستا دۆخی تارمیە لە 85 بۆ 90٪ی سەلامەتە بە تەواوەتی، ئەوەی سەلامەت نییە تاوەکو ئێستا، تەواوکردنی رێگەکان و ئەو ناوچانەی کە چڕن لە رووی کشتوکاڵییەوە، بە تایبەتی ناوچەی زور، ئەو ناوچەیەی کە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی لێیە، بە تایبەت خەندەقیان لەو ناوچانە لێداوە کە قامیشەڵانن، هێزە ئەمنییەکانمان بەشێوە و شێوازی نوێ لەو شوێنانە بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ئەو هێزەی لە تارمیە پێکهێندراوە رۆڵیان لە جێگیرکردنی ئەمنییەتی تارمیە هەبووە، دەتوانم بڵێم ئێستا تارمیە بە تەواوەتی سەلامەتە، جگە لەو بەشە ئەندازییە نەبێت لەو ناوچانەی کە قامیشەڵانن و پاک نەکراوەنەتەوە.
 
رووداو: کەی ئەمریکا دەست بە کشانەوە دەکات لە عێراق؟
 
تەحسین خەفاجی: رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کۆبوونەوەیەک زۆر گرنگمان هەبوو، بە پشتبەستن راسپاردەکانی دیالۆگی ستراتیژی، ئێستا هیچ پێویست بە هێزە شەڕکەرەکان ناکات، پێویستیمان بە مەشق و راوێژوەرگرتن هەیە، پێویستیمان بە کارکردن لە بواری پڕچەککردن و گۆڕینەوەی زانیاری و چاودێریی ئاسمانی و هێزی ئاسمانی هەیە لەو کاتانەی کە پێویستمان دەبێت بۆ وەشاندنی گورزی ئاسمانی، بونیادنانی تواناکانمان و بەرزکردنەوەی توانا تەکنیکییەکانمان، ئێستا هێزە ئەمنییەکانمان پێویستیان بەمانە هەیە. لەو بوارەشەدا ئەوان پابەند بوون. لە کۆتایی ئەم مانگە سێ یەکەی شەڕکەریان جوڵەیان پێدەکرێت بۆ دەرەوەی عێراق، تەنیا شارەزایان و راهێنەرەکانیان لێرە دەمێنن کە بەشدار دەبن لە پرۆسەی بونیادنانی تواناکان و راوێژپێدان.
 
رووداو: ئەو سێ یەکەیە بەرەو کوێ دەکشێنەوە؟
 
تەحسین خەفاجی: بۆ دەرەوەی عێراق، بۆ ئەو بنکانەی خۆیان دەستنیشانیان کردوون، ئەو کشانەوەیە لە فڕۆکەخانەی هەریر واتە بنکەی هەریر هەروەها عەین ئەسەد دەکشێنەوە،  ئێمە رێککەوتووین، چونکە ئێستا تەنیا لەو دوو شوێنە ماون، ژمارەشیان زۆر کەمە، ئێمە لەسەر کشانەوەیان رێککەوتووین، پاشان ئەو هێزانەی تایبەتن بە مەشق و راهێنان و راوێژپێدان و ئاڵوگۆڕی زانیاری دێن.
 
رووداو: ئێستا ژمارەی راوێژکار و سەربازانی ئەمریکا لە عێراق چەندە؟
 
تەحسین خەفاجی: ئێمە قسە لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین، کە ژمارەیان 2500 کەسە، لەم رۆژانە ئەمانە دەکشێنەوە و لە شوێنی ئەوانە ژمارەیەکی کەمتر لە راوێژکاران دێن، ئەمەش دەوستێتە سەر پێویستی هێزە ئەمنییەکان، بۆ نموونە هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیان بەوەندە راوێژکارە دەبێت، هێزەکانی بەرگری بەوەندە راوێژکار، ناوخۆ بەوەندە، هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، هەموو ئەو هێزانە بەپێی پێویستیی ئەو هێزانە لە راوێژکار و راهێنەریان بۆ دابین دەکرێت.
 
رووداو: ژمارەی ئەو راوێژکار و راهێنەرانە چەندن؟
 
تەحسین خەفاجی: ئێمە لە بوارەکانی تۆپهاوێژ، هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا، بەرگریی ئاسمانی، هێزی وشکانی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆری زانیاریی هەواڵگریی پێویستمان بە راوێژکار لەو بوارانە دەبێت و ئەولەویەت بۆ ئەوانە دەبێت.
 
رووداو: پێویستیتان بە هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان هەیە؟
 
تەحسین خەفاجی: بەڵێ، پێویستیمان پێدەبێت لە حاڵەتی جۆرێکی دیاریکراو لە بۆردوومانەکان، ئەو جۆرە بۆردوومانانەش لەو حاڵەتانە دەبێت، ئەگەر لە دەرەوەی توانایی هێزە ئاسمانییەکانی ئێمە بێت، ئەوان ئامادەییان بۆ ئەو جۆرە بۆردوومانانە پێشانداوە بە چەکی تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان کە پێگەیشتنیان ئەستەمە، ئەمەش دوای ئەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان داوایەک بەرز دەکاتەوە لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەوانیش گورزی ئاسمانی لەو شوێنە دەوەشێنن کە ئێمە پێویستمانە.
 
رووداو: بڕیارە دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان پێکبهێندرێن، ئەو دوو لیوایە کەی پێکدەهێندرێن؟ شێوازی پێکهێنان و فەرماندەییکردنیان چۆنە و مووچەشیان چۆن بۆ دابین دەکرێت؟ کێ مووچەیان بۆ دابین دەکات؟ 
 
تەحسین خەفاجی: ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، ئێمە رێککەوتووین لەسەری، حکومەت رازی بووە لەسەر پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە، لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ئێمە و برایانمان لە پێشمەرگە. برایانمان لە پێشمەرگە ئامادەیی خۆیان پیشانداوە لیستی ناوەکانیان بۆ حکومەتی ناوەندی دەنێرن، ئەو دوو لیوا هاوبەشە پڕچەک دەکرێن و راهێنانیان پێدەکرێت و لەو ناوچانە دابەش دەکرێن کە داعشی تێدایە، واتە لەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان، هەندێک ناوچە هەن کە تیرۆریستانی داعشی لێیە، ئەو لیوایانە دەست بەو ناوچانەوە دەگرن، ئەمە خاڵێک. دەکرێت ئەو هێزانە هەستن بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش سەرپشک دەکرێن بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک جا چ ئۆپەراسیۆنەکە بە ئاراستەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بێت چ بە ئاراستەی ناوچەکانی ئێمە بێت
 
رووداو: کێ مووچەیان بۆ دابین دەکات؟ ئەوە راستە کە وەزیری دارایی گوتوویەتی پارەیان بۆ دابین ناکەین؟

تەحسین خەفاجی: بە دڵنیاییەوە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە سەرکردایەتی دەکرێن، بە دڵنیاییشەوە مووچەیان لەسەر وەزارەتی بەرگری دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە