وەزارەتی کاری عێراق بۆ رووداو: 250 هەزار کەس بە ناشایستە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە

21-05-2024
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاشکرای کرد، 250 هەزار ناویان دۆزیوەتەوە، کە شایستەی وەرگرتنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی نین.
 
نەجم عەقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''هەڵمەتێکمان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی کە شایستەی وەرگرتنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی نین، تائێستا 250 هەزار ناومان دۆزیوەتەوە کە بە 'ناشایستە' مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە''.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، تائێستا بە کاش 90 ملیار دیناریان لەو کەسانە وەرگرتووەتەوە، هەروەها 135 ملیار دیناری دیکەش بۆ ئەو کەسانە کراوەتە قیستی 10 ساڵ بۆ ئەوەی پارەکە بگەڕێننەوە.
 
نەجم عەقابی دەڵێت: ''لە رێگەی چاودێرە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها لێکۆڵینەوە لە تەندروستیی کەسانی بە تەمەن، کە مووچەی چاودێری وەردەگرن، دەرکەوتووە 14200 کەس وەکو بریکار- کەفیل پارەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ کەسانی مردوو وەردەگرن و ئەوانەش پارەکانیان بڕاوە''.
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، کە لێکۆڵینەوەی وردیان کردووە بۆ ئەوانەی شایستەن، بەتایبەتی ئەوانەی تالاسیمیا و گورچیلەیان لەکار کەوتووە و هەروەها نەخۆشیی درێژخایەنی قورسیان هەیە.
 
رۆژی 28ی نیسانی 2024، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، لەم کابینەیەدا لە چوارچێوەی چاودێری کۆمەڵایەتی مووچەیان بۆ نزیکەی 900 هەزار خێزان بڕیوەتەوە، هەروەها یەک ملیۆن و 600 هەزار دەرچووی زانکۆ لە وەزارەتەکەیان ناویان تۆمارکردووە و بەدوای کاردا دەگەڕێن.
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە