یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەموار دەکرێتەوە

21-04-2021
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستیان پێکردووە و لەوبارەیەوە بڕیارە سبەی لیژنەکانی هەرێمەکان و یاسایی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە.
 
شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی وەستانی کارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی و گفتوگۆکانی بودجە، بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان دواخرا، بەڵام دوای یەکلاییکردنەوەی ئەو دوو بابەتە، ئێستا جارێکی دیکە هەموارکردنی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەخرێتەوە بەر باس و لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی [20ی نیسان] لیژنەی هەرێمەکان گفتوگۆی لەسەر کرا، بڕیارە سبەی پێنجشەممە 22-04-2021 لەگەڵ لیژنەی یاسایی لەبارەی ئەو پرسە کۆببنەوە.
 
سەرۆکی لیژنەی هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان نزیکەی شەش ماددەی بە شێوەیەک هەمواردەکرێتەوە، کە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان بگونجێت، وەکو دابەشکردنی بازنەکان، بایۆمەتری و میکانیزمی هەڵبژاردن و کەمکردنەوەی تەمەنی هەڵبژاردن بۆئەوەی گەنجانیش دەرفەتی خۆبەربژێرکردنیان هەبێت. دوای رێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوە لە لیژنەکانی هەرێمەکان و یاسایی، پرۆژەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت بۆئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
 
لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، شێروان دووبەردانی، رەتیکردەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت و گوتی، دیاریکردنی وادەکە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندایە و هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی دووشەممەی رابردوو 19-04-2021 لە یەکەم دانیشتنیدا لە تانەی لێدراو لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵپەساردنی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانی کۆڵییەوە، دواتر کەیسەکەی بۆ 4ـی مانگی ئایاری داهاتوو دواخست.
 
دژی بڕیاری هەڵپەساردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2019 لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران دەریکرد، ئەو ئەنجوومەنانە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکردووە؛ ئێستاش لەگەڵ کارابوونەوەی دادگەی فیدراڵی، چاوەڕوان دەکرێت دادگەکە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان بدات، لەکاتێکدا ئەنجوومەنەکان لە دەستووردا ناویان هاتووە و شارەزایان دەڵێن، هەڵوەشاندنەوەیان کارێکی نادەستوورییە.
 
سەبارەت بەو پرسە، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەڵپەسێردراوی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بە هەلی زانی گەندەڵیی سیاسی، یاسایی و دارایی بکات و دەستیکرد بە هەڵمەتی دووبارە بەعەرەبکردنەوەی ناوچەکە، بە رێککەوتن لەگەڵ میلیشیاکانی نێو شاری کەرکووکیش دەستی بە هەڵمەتی بەشیعەکردنی شارەکە کرد، لەکاتێکدا هەموو کەسێک دەزانێت کە 99%ـی خەڵکی کەرکووک سوننە مەزهەبن".
 
رێبوار تاڵەبانی گوتیشی "بە کارابوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکەم شت راکان جبووری لە پۆستەکەی دەردەکرێت، چونکە ئێمە وەکو لیستی برایەتی بە رێککەوتن کردمانە جێگری پارێزگار، بە مەرجێک وەکو کورد و عەرەب و تورکمان پێشێلکاری دەستوور و یاسا نەکەین، گرووپی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگا واژۆیان لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە و خۆی یەکێک بوو لەوانەی واژۆی لەسەر کردووە، چۆن ئێستا ئەو رێککەوتن و یاسا و دەستوورە پێشێل دەکات، دوای دوورخستنەوەشی لەو پۆستە دەبێت سزابدرێت، هەرچییەکیشی کردووە لە کەرکووک هەموو فەرمانەکانی هەڵدەوەشێنەوە. هەموو ئەو بەڕێوەبەرانەشی کە دووریخستوونەتەوە دەبێت بگەڕێنەوە، واتە هەر کارێکی نایاسایی و نادەستووری لەو شارە کرابێت دوای کارابوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەبێت هەموویان بە ئاسایی بکرێنەوە".
 
پێشبینی دەکرێت دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان بکات، چونکە ئەنجوومەنە هەڵپەسێردراوەکان ماوەی یاساییان تێپەڕیوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە سوودی پارێزگاکان بێت، بەتایبەت پارێزگای کەرکووک.
 
پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بڕیاری هەڵپەساردنی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان، پارێزگارەکانی بۆ راپەڕاندنی پرسە دارایی و کارگێڕییەکانی ئەنجوومەنەکان راسپارد، بەو مەرجەی پەرلەمان چاودێریی کاری پارێزگارەکان بکات تاوەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگارەکان بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە