د. جەمال کۆچەر: بانکی ناوەندی دەستیکردووە بە رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە

21-12-2022
هەستیار قادر
دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی
دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دانی بەوەدانا کە زیادبوونێکى ئاشکراى بەهاى دۆلار بەرانبەر بە دینارى عێراقى هەیە. نزیکەی سێ هەفتەیە، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە سەرووی 150 هەزار دیناری عێراقییە، ئەگەرچى بانکى ناوەندى دۆلارێک بە 1460 دینار دەفرۆشێت.
 
بانکى ناوەندیی عێراق چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە کە هۆکارى سەرەکى ئەو گۆڕانکارییە، کارپێکردنى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنیە کە لە رێگەیەوە کڕیارانى دۆلار رۆژانە داواکارییەکانیان پێشکێش دەکەن، بەڵام بەهۆى ئەوەى بەتەواوى لەگەڵ بەکارهێنانى رانەهاتوون بڕى کەمترى دۆلار دەفرۆشرێت. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق رۆژی دووشەممە گوتی: بانکى ناوەندى چەند مانگێکە دەستیکردووە بە کارپێکردنى ئەو سەکۆیە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ لایەنى نێودەوڵەتى بەمەبەستى کۆنتڕۆڵکردن و رێکخستنى پەنجەرەى کڕین و فرۆشتنى دراوى بیانى و گەرەنتى چاودێرى بکات.
 
وەک سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت: لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەى کە دەکران لەبارەى پەنجەرەى فرۆشتنى دراو، جەخت لە گرنگى وردبینیکردنى پرۆسەى فرۆشتنەکانى دراو دەکرایەوە و لێکۆڵینەوە لەوەى بەراستى ئەو حەواڵانە دەچن بۆ ئەو شمەکانەى کە هاوردە دەکرێن بە نرخى راستەقینە، ئەوە روونە کە ئەو رێوشوێنە نییە، کۆمپانیاى وەهمى هەن و نرخەکانیش زێدەڕۆییان تێدا کراوە.
 
لە مانگى کانوونى یەکەمدا بڕى دۆلارى فرۆشراوى رۆژانەى بانکى ناوەندى 150 ملیۆن دۆلارى تێنەپەڕاندووە لەکاتێکدا بەر لە 10 مانگ بڕەکەى رۆژانە زیاتر بوو لە 200 ملیۆن دۆلار. 
 
دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێک لە پەرلەمانتارانى هێناوەتە سەر هێڵ و داوای کۆبوونەوەیەکى نائاسایی پەرلەمان دەکەن و بۆ ئەوەش ژمارەیەک واژۆ کۆکراوەتەوە.  
 
مستەفا گەرعاوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەى واژۆى لەسەر ئەو داواکارییە کردووە بە رووداوى راگەیاند، واژۆکانيان رادەستى سەرۆکایەتیى پەرلەمان کردووە، چاوەڕێى بڕیارى سەرۆکایەتیى پەرلەمانن، پارێزگارى بانکى ناوەندى و سەرجەم ئەو بەرپرسانەى پەیوەندارن بە پرسی بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار میوانداری بکرێن.     
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوی گوت: ئەوە کێشەیەکی گەورەبوو بۆ بانکی ناوەندی و ئابووری عێراق. بانکی ناوەندی بە بەهێزی هاتە نێو بابەتەکە، کە نابێت بە هیچ جۆرێک ئەم گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەیە لە رێگەی ئەو بانکەوە بکرێت. 
 
20-12-2020، بانکى ناوەندى بڕیاریدا بە دابەزاندنى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى لە 1119 دینارەوە بۆ 1450 دینار، سەرەڕاى چەندین داواکاریى، ئەو بانکە ئامادە نییە بگەڕێتەوە سەر بەهاى پێشووى دینار بەرامبەر بە دۆلار. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەیان گەنج لە بازاڕی گەنجان بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

200 گەنج لە بازاڕی گەنجانی هەولێر بەرهەمەکانیان نمایش کرد

ئیلاف کچێکی 21 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، دەستی داوەتە کاری دەستی و کەلوپەلەکانی لە بازاڕی گەنجان نمایشکرد.