رووداو- هەولێر
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکای راگەیاند: "عێراقێکی یەکگرتووی بەهێز گەرەنتییە بۆ ناوچەکە و جیهان. بەهێزبوونی حکومەتی عێراقیش رێگە لە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی دەگرێت". قاسم ئەعرەجی لە کۆبوونەوەشی لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی: "عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و تورکیاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو دوو وڵاتە بەکاربهێندرێت".
رۆژی سێشەممە 20-9-2022، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە سیلیست واڵاندر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شاندی یاوەری کە تێیدا ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیوزی ئەمریکا لە عێراق ئامادە بوو.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، لە دیدارەکەدا "پەیوەندیی هاوبەش و هاوکاریی نێوان عێراق و ئەمریکا باسکرا، لەگەڵ چۆنییەتیی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەشێوەیەک خزمەتی ئاسایش و ئاشتی جیهان بکات."
یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتی، عێراق و ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا هاوبەشن و ستایشی رۆڵی عێراقی کرد لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و راوەدوونانی شانە نووستوەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە و رایگەیاند، "ئێستا کاتی ئەوەیە توانا و لێهاتوویی هێزە عێراقییەکان لە بواری سەربازی پەرەیان پێبدرێت".
قاسم ئەعرەجیش گوتی: "عێراق بە رێزەوە لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڕوانێت. تاوەکو ئێستا داعش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە؛ بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی داعش کاریگەر بێت". هەروەها گوتیشی: "عێراق پێویستی بە پشتیوانی بواری هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانییە؛ حکومەتی وڵات هەوڵدەدات سەرچاوەکانی چەکی جۆراوجۆر بکات".
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتیشی، عێراقێکی یەکگرتووی بەهێز گەرەنتییە بۆ ناوچەکە و جیهان و بەهێزبوونی حکومەتی عێراقیش رێگە لە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی دەگرێت.
هەر رۆژی سێشەممە قاسم ئەعرەجی لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیکرد لە حەسەن محقق، یاریدەدەری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران و شاندی یاوەری.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەعرەجی، حاجی حەسەن سوپاسگوزاریی وڵاتەکەی گەیاندە عێراق و گەل و دەزگا ئەمنییەکان، ئەوەش لەبەرامبەر ئەوەی پێشكێشی زیارەتکارانیان کردووە لە چلەی ئیمام حوسێن دا. هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هاوکاریی هەواڵگریی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و تووندوتۆڵکردنی سنوور و رێگریکردن لە قاچاخچییەتی.
قاسم ئەعرەجی گوتی: "عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و تورکیاوە بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و تورکیا. حکومەتی عێراقیش دەیەوێت ئەو دۆسیەیە کۆتایی بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ