رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق "هیواخوازە" پڕۆسەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامبێت بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت مووچەی مووچەخۆران بنێرێت.
محەممەد شياع سوودانی، لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە کۆڕبەندێکی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک لە واشنتن ئاماژەی بەو کرد، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، "سیاسیی نین، بەڵکو یاسایی و تەکنیکین".
سوودانی دەڵێت: "شتێک نییە بەناوی کێشەی دابەشکردنی مووچە، بەڵکو رێژەیەکی پەسندکراو هەیە و رێکارێک هەیە کە چەندین ساڵە کاری پێ دەکرێت کە دیاریکردنی رێژەی 12.67٪ لە کۆی خەرجییە گشتییەکانە بۆ هەرێم"ـی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، لەبەرامبەر ناردنی ئەو بەشە بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان "دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەست بکات، وەک چۆن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەش هەمان شت دەکرێت. ئەمەش پابەندییەکی دەستووری و یاساییە و لە یاسای هەموو بودجەکانی پێشووتریشدا هەبووە."
سوودانی باس لەوە دەکات، لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵی، "بە برایانمان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند بە گرنگی دەستپێکردن بە تەواوکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەکانیان بۆ ئەوەی کارەکان بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێت دوور لە دەستیدەستیکردن کە کاریگەری بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم[ی کوردستانەوە] دەبێت."
سوودانی لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە رایگەیاند: داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە رێکارەکانی بەبانکیکردنی مووچە دەستپێبکەنhttps://t.co/5tQsETk0l6 pic.twitter.com/hx0WXdmNzC
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 19, 2024
گوتیشی: "مووچەی هەردوو مانگی شوبات و ئادارمان دابەشکرد و بۆ ئەم دوو مانگە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلارمان پێشکێشی هەرێم[ی کوردستان] کرد کە پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز بەسەر فەرمانبەران دابەشکران."
سوودانی هەوروەها گوتی: "هیوادارین پرۆسەی بە بانکیکردن بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگە و پێدانی بەردەوامی مووچەکان."
دەقی قسەکانی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا:
سەرەتا دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە سیستمی فیدراڵی کە لامەرکەزیەتی بەڕێوەبردنە، یەکێکە لە گرنگترین سیماکانی سیستمی سیاسیی نوێی عێراق. هەموو لایەک پابەندن بەو سیستەمە نوێیە و هاوکارن بۆ ئەوەی بە شێوازە دروستەکەی جێبەجێ بکرێت. چەندین خوێندنەوە بۆ مادە دەستوورییەکان و رێکارەکانی جێبەجێکردنی لە لایەن ناوەند و هەرێم[ی کوردستانەوە]ـەوە لە سرووشتی ئەم سیستمە فیدراڵییەدا هەیە. لەبارەی دۆخی دەستوورییەوە، دادگەیەک هەیە کە دادگەی باڵای فیدراڵییە و ئەو کێشانە یەکلایی دەکاتەوە و هەندێکجاریش پەنای بۆ دەبەین. هەرچی پەیوەندی بە سرووشتی کێشەکانەوە هەیە، کێشەکان سیاسیی نین، بەڵکو یاسایی و تەکنیکین. بەڵام پێش ئەوەی باس لە گرنگترین کێشە بکەم، دەبێ ئەوە بزانین کە پابەندبوون و ماف هەیە، ئینجا لەسەر ئاستی هەرێم[ی کوردستان] بێت یان ناوەند. ناکرێ باس لە ماف بکەیت لە کاتێکدا پابەندی ئەرکەکانت بەرامبەر دەوڵەتی فیدراڵی نەبێت. ئەگینا ئەوە بانگەشەیەک دەبێت بۆ شێواندنی سیستمی فیدراڵی و هاندانی لایەنی دیکەش بۆ گرتنەبەری هەمان رێچکە دژی دەوڵەت. ئەوەی کە پەیوەندی بە کێشەی مووچەوە هەیە، شتێک نییە بەناوی دابەشکردنی مووچە، بەڵکو رێژەیەکی پەسندکراو هەیە و رێکارێک هەیە کە چەندین ساڵە کاری پێ دەکرێت کە دیاریکردنی رێژەی 12.67% لە کۆی خەرجییە گشتییەکان بۆ هەرێم[ی کوردستان]. ئەو گوژمەیەش لەلایەن وەزارەتی داریی فیدراڵییەوە رەوانەی هەرێم[ی کوردستان] دەکرێت. لەبەرامبەردا دەبێ هەرێم[ی کوردستان] داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەست بکات، وەک چۆن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەش هەمان شت دەکرێت. ئەمەش پابەندییەکی دەستووری و یاساییە و لە یاسای هەموو بودجەکانی پێشووتریشدا هەبووە. کاتێک کێشەی راگرتنی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان سەریهەڵدا کە دادگەی ناوبژیکاری نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری لەبارەیەوەدا و بڕیارەکەش بەهۆی سکاڵایەکی حکومەتی عێراقییەوە بوو کە لە ساڵی 2012 تۆماری کردبوو بەوەی نەوتە هەناردەکراوەکەی هەرێم[ی کوردستان] بێ ئاگاداری کۆمپانیای سۆمۆ کراوە و پێچەوانەی دەستوورە، دادگەکەش مافی بە عێراق دا و بەوەش تورکیاش هەناردەی نەوتەکەی راگرت. ئەوە کاریگەری لەسەر چی هەبوو؟ کاریگەری خراپی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم[ی کوردستان] و هاووڵاتییانی هەبوو کە پێشتر مانگانە مووچەیان وەردەگرت. بۆیە بەشێک لە فەرمانبەران داوایەکی یاساییان لە دادگەی باڵای فیدراڵی دژی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] تۆمارکرد، بۆ ئەوەی هەردوولایەنمان پابەند بین بە خەرجکردنی مووچەکەیان. دادگەش بڕیاریدا بەوەی دەبێت حکومەتی ناوەندی پابەند بێت بە پێدانی راستەوخۆی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم[ی کوردستان] لە رێگەی بانکە حکومییە فەرمی و پەسندکراوەکانەوە. دەستمانکرد بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و بە برایانمان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند بە گرنگی دەستپێکردن بە تەواوکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەکانیان بۆ ئەوەی کارەکان بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێت دوور لە دەستی دەستیکردن کە کاریگەری بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم[ی کوردستان] دەبێت. مووچەی هەردوو مانگی شوبات و ئادارمان دابەشکرد و بۆ ئەم دوو مانگە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلارمان پێشکێشی هەرێم[ی کوردستان] کرد کە پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز بەسەر فەرمانبەران دابەشکران. هیوادارین پرۆسەی بە بانکیکردن بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگە و پێدانی بەردەوامی مووچەکان. رێکارە پەیوەندیدارەکان بە کۆمپانیا نەوتییەکان کە زۆربەیان کۆمپانیای ئەمریکین بەردەوامە. خۆشتان دەزانن لە سۆشیال میدیا و راگەیاندنەکان کۆمپانیاکانی ئەمریکی بەردەوام رێکارەکان رەتدەکەنەوە و بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان پشتیوانییان لێدەکەن و هەندێکجار قەبارەی دۆخەکە هێندە گەورە دەکەن و دەیخەنە قالبێکی سیاسییەوە کە سنوورەکانی عێراق دەبەزێنێت وەک ئەوەبێت کە پیلانێکی دەرەکییە لە دژی ئەم کۆمپانیانە یان لە دژی هەرێم[ی کوردستان]. ئەمە لە کاتێکدایە بابەتەکە بابەتێکی یاسایی و دەستوورییە. دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێبەستانەیداوە و حکومەتی ئێستاش وەک نیازپاکی بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، میانڕەوی کردووە. کۆمپانیاکان دەستبەرداری کارەکانیان نەبوون بەڵام لە هەمان کاتیشدا نایانەوێت گوێڕایەڵی بڕیاری دادگە بن بۆ ئەوەی نرخە گشتگیرکراوە نیشتمانییەکە جێبەجێ بکەن کە یاسای بودجەی فیدراڵی پەسندی کردووە کە هەشت دۆلارە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک. ئەمە لە کاتێکدایە گرێبەستی ئەم کۆمپانیانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] 26 دۆلارە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت. سەرۆکی حکومەتی ناوەندی ئەو پاڵپشتییە یاساییەی نییە پێچەوانەی یاسا پارە خەرج بکات. بۆیە ئەمە بابەتێکی ئاسایی و یاساییە؛ لە بەغدا یاسا هەیە، ئەنجوومەنی نوێنەران و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەسپاکی هەیە لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو فەرمانبەرێک دەکات بە سەرۆکوەزیرانیشەوە. ناتوانم بە ویست و خواستی خۆمەوە پارە دابەش بکەم، منیش پابەندی یاساکانم، ئەمە رێکاری ئێمەیە. دوو رێگەچارەمان خستە بەردەمیانەوە؛ یەکەمیان، دەبێ گرێبەستی کۆمپانیاکان هەموار بکرێتەوە و پابەندییەکانیان بخرێتە سەر حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەمەش چارەسەرێکی گرنگە. حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] لە لێکەوتەکانی ئەم پابەندییە زۆرەملێیە رزگاری دەبێت کە ماوەیەک لە دۆخێکی خراپدا بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش ناچار بوو بۆ ئەوەی داهاتی دەستکەوێت، دەست بۆ ئەم جۆرە بابەتە درێژ بکات، بەڵام کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم[ی کوردستان]یش رەتیان کردەوە. چارەسەری دووەممان خستەڕوویان؛ داوامانکرد یاسای بودجە هەموار بکەینەوە و ئەنجوومەنی نوێنەران قایل بکەین تێچووەکەی هەموار بکەینەوە. ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەمە سەختە و ناکرێت، چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسایەکەی پەسەند کرد و دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنان بەپێی پێوەری نیشتمانیی دیاریی دەکرێت کە هەموو کۆمپانیاکان پێوەی پابەندن. بۆیە کێشەکە بەتەواوەتی کێشەی یاسایی و تەکنیکییە و کێشەیەک نییە بیرۆکەی هەرێمی کوردستان لەبار ببەین یان هەڕەشەیەک بین بۆ سەر ئەم قەوارە دەستوورییە کە سوورین لە هەبوونی. حکومەتیش هەموو توانایەکی خستووەتەگەڕ بۆ سەقامگیری هەرێم[ی کوردستان] کە دواینییان پارەدارکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. لای هەمووان روونە، ئێستا پەرلەمانیان نییە و هەڵبژاردنیشیان نەکردووە، دەرەنجام حکومەت هیچ پارێزبەندییەکی شەرعی نییە بۆ ئەوەی پابەندییەکانی جێبەجێ بکات. حکومەتەکەمان پارەی بۆ دابینکردن، کۆمسیۆنمان راسپارد، هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ کردن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی مۆرکی دەستووری وەربگرێتەوە و ئێمەش سوورین لەسەر درێژەدان بەو لێکتێگەیشتنانەی کە لە بنچینەدا لەنێوان حکومەتی ناوەند و سەرکردایەتییەکانی هەرێم[ی کوردستان] هەیە. هەموو ئەم کێشانە بە پەیوەندیی و گفتوگۆ هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین و خواستێکی راستەقینەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ