عێراق
کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتیی د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. وێنە رووداو
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق دەیەوێت ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بدات، بەشێک لە لایەنە شیعەکان پێشنیازێکی نوێیان خستووەتەڕوو لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان و وەکو جێگرەوەی ماددەی 11 پرۆژەیاساکە دایانناوە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکیسۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پێشنیازەی دوێنێ لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکیسۆنەکان و لیژنەی دارایی لەلایەن ئەندامێکی کوتلەی شیعەوە پێشکەشکراوە بەناوی لایەنی شیعی، بەڵام بە فەرمی ئەو پێشنیازە جێگیر نەکراوە.
لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی پێشنیازە نوێیەکە ڤیان سەبری رایگەیاند: "ئێمە پێشنیازەکە دەخوێنینەوە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو دەقەی بەناوی لایەنە شیعەکانەوە هاتووە قابیلی قبووڵ نییە، لە بەرامبەریشدا هیچ دەقێکی جێگرەوە نییە بۆ ئەو دەقەی لەلایەن حکومەوەتەوە بۆ لیژنەی دارایی نێردراوە."
پێشنیازی لایەنە شیعەکان لەبارەی بودجەی 2021
یەكەم:
شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2004 تاوەكو 2020 یەكلایی دەكرێتەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات، بۆ دەرخستنی ئەو هەژمارە كۆتاییانەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی پەسندكراون تایبەت بە داهاتە بەدەستهاتووەكان و خەرجییەكان، دوای جیاكردنەوەی خەرجییە سیادییەكان و ئەوەی لە چوارچێوەی خەرجییەكانی حاكیمە خەرجكراوە.
دووەم:
بڕگەی ئەلیف: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی بڕی بەرهەمهێنراوی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكانی كە رۆژانە بە 460 هەزار بەرمیل نەوت خەمڵێندراوە، دوای جیاكردنەوەی بڕی پێویست بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە، بڕی بەكاربراو بۆ ناوخۆ لە هەرێم و بڕی تەرخانكراو لە پتڕۆدۆلار بۆ هەرێم، ئەوەی دیكە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی بكرێت كە كۆی ئەو بڕەی رادەستی سۆمۆ دەكرێت كەمتر نەبێت لە بەهای فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوت.
بڕگەی با: بڕگەی سەرەوە بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
بڕگەی جیم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتی بە گەنجینەی دەوڵەت و بە گوێرەی یاسای كارگێڕی دارایی كە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی كوردستان وردبینی لەو داتایانە دەكات كە لەلایەن هەرێم پێشكەش كراوە.
بڕگەی دال: لەكاتی جێبەجێكردنی ئەو بڕگانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێكرا، حكومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە دانی شایستەكانی هەرێمی كوردستان كە لە یاسادا هاتووە.
سێیەم:
لە ساڵی 2021 وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە كەمكردنەوەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی بانكی بازرگانی عێراقی (tbi) لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی لە ماوەی 5 ساڵ به قيست بیداتەوە، لەساڵی 2021 یشەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ دەستپێدەكات.
چوارەم:
پابەند كردنی هەرێمی كوردستان كە داتاكانی راژەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی هەرێم كە بە گوێرەی پلە و ناونیشانی فەرمانبەری و رەگەز بداتە وەزارەتی دارایی، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە گوێرەی خشتەی هێزی كار (ج) بەپێی ئەو یاسایە تاوەكو 30/6/2021.
پێنجەم:
لەسەر وەزارەتی دارییە پلەكانی فەرمانبەری و تایبەتمەندییەكانی دارایی لە خشتەی هێزی كاری فەرمانگەكانی لە هەرێمی كوردستان، فەرمانگەی رەگەزنامە، باری شارستانی، بەنداوەكان و كەشوهەوا بگوازێتەوە سەر فەرمانگەكانی خۆی بەپێی خشتەی هێزی كاری وەزارەتی دارایی فیدراڵی، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
شەشەم:
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی شایستەكانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو دەرماڵەی لە چوارچێوەی پشت بەستن بە بودجەی هەرێم پەسندكراوە، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەران پێش خەرجكردنی هەر خەرجییەكی دیكە لە بودجەی ئێستای و رەچاوكردنی ئەحكامەكانی ماددەی 25/ دووەم لە یاسای كارگێڕی دارایی فیدراڵی ژمارە 6 ی ساڵی 2019.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ