رووداو دیجیتاڵ
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە وڵاتی ئازەربایجانە، وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی لەبارەی کۆنفرانسەکە و بابەتی سەرژمێری دایەوە.
لە سێیەم رۆژی کۆنفرانسی کۆپ29ی تایبەت بە کەشوهەوا کە لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، بەشداریکردنی عێراق لەو جۆرە کۆڕبەندانە گرنگە، بەتایبەتی لەڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت، ژینگە و سەرچاوەکانی وزە.
سەبارەت بە سەرژمێریی عێراق و ئەگەری کاریگەری لەسەر مادەی 140، سەرۆککۆماری عێراق رەتیکردەوە کە ئەو پرۆسەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مادەی 140 هەبێت.
کۆنفرانسی کۆپ-29 ساڵانە لە وڵاتە جیاوازەکان سازدەکرێت و تێیدا جەخت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و سەرۆککۆماری عێراق:
رووداو: چەند ساڵێکە جەنابت بەشداری کۆڕبەندی کەشوهەوا دەکەیت. بەشداریی عێراق لەم کۆڕبەندەدا چۆنە و جیهان دەتوانێت چی بۆ عێراق بکات؟
لەتیف رەشید: بێگومان ئەم کۆڕبەندانە کە ساڵی جارێک رێکدەخرێن، تاوەکو بتوانیت پشتیوانی بکەیت شتی باشە بۆ عێراق و کۆڕبەندەکەش. بەڕاستی وای لێهاتووە کە ئەم کۆڕبەندانە ساڵانە بوونەتە شتێکی گرنگ، بەتایبەتی لەبارەی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ سرووشت، کەشوهەوا، وزە، بەکارهێنانی ئاو و پێویستییەکانی مرۆڤایەتی.
هەروەک دەزانن، ژمارەی دانیشتووان بەرەو زیادبوون دەڕوات؛ ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکان روو لە زیادبوونە. ئەو داهاتەی هەمانە، بۆ وزە و ئاو و شتەکانی دیکەش هەمووی سنووردارە. ئینجا لەبەر ئەوە ئەگەر ئاگامان لێ نەبێت و هەڵسوکەوتێکی تەکنیکیی ژیرانە نەکەین لەگەڵی، هەموومان تووشی کارەسات دەبین. وەک دەزانن کەشوهەوا گۆڕاوە، ئەم ساڵ لە چەند شوێنێک لافاو هەستاوە کە هیچ کات لافاویان بەخۆیانەوە نەبینیوە، بەداخەوە. پلەی گەرما بەرزبووەتەوە، ئێمە لە عێراق و کوردستان چەند ساڵە، وشکەساڵی دەبینین. هەندێک جار بارانێکی بەخوڕ لە کاتێکی کورت دەبارێت و تەواو، دواتریش وشکەساڵی دەبینین؛ وەک جاران نەماوە. ئینجا هەموو ئەمانە کاریگەریی کەشوهەوا دروستدەکەن.
ئێمەش دەبێت کردارمان، بۆچوونمان پرۆژەکانمان بەگوێرەی ئەمانە بن. ئێمە لە عێراقدا کۆمەڵێک کێشەمان لە کەشوهەوا، وزە و ئاو هەیە. زۆربەی کشتوکاڵمان بە رێگەی کۆن دەکرێت و هێشتا رێگەی نوێمان نەدۆزیوەتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، وزە لە عێراق کەمە. من باسی وزەی ژێر زەوی و نەوت و ئەمانە ناکەم. بەڵام بابەتەی تەزووی کارەبا کە کەمە و تاوەکو ئێستا ناتوانین بەگوێرەی پێویست ئەو وزەیە دابەش بکەین. جگە لەوە، بەڕێوەبردنی وزە، کشتوکاڵ و بەکارهێنانی ئاو لەو ئاستەدا نییە و پێویستە چارەسەریان بکەین. ئینجا لەبەر ئەوە بەشداربوونی بەرپرسانی عێراق لە کۆڕبەندێکی وەهادا دڵخۆشکەر و پێویستە، هیوام وایە بەردەوام بین.
رووداو: لەبارەی سەرژمێریش پرسیارێک دەکەم.
لەتیف رەشید: ئینجا ئەوە حەقی چییە بەسەر ئەمەوە؟
رووداو: بەخوا دەرفەتێکە و هەموو رۆژێک دەست ئێمە ناکەویت. جەنابت چەند هەفتەی رابردوو رۆڵت هەبووە (لەم بابەتەدا). هەرێمی کوردستان لە بابەتی سەرژمێریدا دوودڵی هەیە. ئایا ئەو دڵنیاییە دەدرێت کە هیچ کێشەیەکی سیاسی دروست نابێت؟
لەتیف رەشید: بڕواناکەم هیچ دوودڵییەک هەبێت. هیوادارم هیچ شتێک نەبێتە هۆکاری ئەوەی نیگەران بن. تەواوی بابەتەکان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بە وردەکارییەوە باسکراون. لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا تەنانەت وەزیری دەرەوەش لەگەڵ بووە، وەزیرەکانی دیکەشمان لەگەڵ بوون، بەرپرسانیش کە لە هەرێمەوە هاتوون لەگەڵمان بوون، هەمووی باسکراوە. دوێنێش لەگەڵ جەنابی کاک نێچیرڤان قسەمان لەسەر ئەم بابەتە کرد، وابزانم ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانیش دەچێتە هەولێر و ئەوە باس دەکات. هیوادارم وەکو هەڵبژاردنەکە بێت.
رووداو: کاریگەری لەسەر مادەی 140 دروست ناکات؟
لەتیف رەشید: نەخێر، کاریگەری لەسەر مادەی 140 نابێت، بەپێچەوانەوە، ئێمە هەموو هەوڵێکمان ئەوە بووە کاریگەری لەسەر مادەی 140 دروستنەکات و پەیوەندیی پێیەوە نەبێت؛ ئەو کەسانەش سەرژمێر بکرێن کە لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 1957'دا دۆسیەی تۆماریان هەبووە. ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ شوێنەکانی دیکە و دانی پێدادەنێین. ئەوەش سەرژمێرییەکی تەواو بووە کە هەموو کەسێک لە شوێنی خۆی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ