عێراق
موقتەدا سەدر رایگەیاند: ئەو لایەنانەی خواستیان هەیە لەگەڵ ئێمە حکومەت پێکبهێنن، دەبێت گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە عێراق وەڵامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەداتەوە و دەڵێت، هەڵمەتی نەهێشتنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان و هێشتنەوەیان لە دەستی دەوڵەت لە خۆتەوە دەستپێبکە و ئینجا پێشمەرگە، هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق هیچ گەرەنتییەکی نابێت ئەگەر "مافی ملیۆنان دەنگی دزراوی عێراقی پشتگوێ بخرێت".
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021، وەڵامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری دایەوە کاتێک لە گوتارێکدا چەند داواکارییەکی ئاراستەی لایەنەکان، بەتایبەت "ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکاندا کورسییان کەمیکردووە یان بەدەستیان نەهێناوە"، کرد و گوتی، دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەت بێت.
ئەو بەرپرسەی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق لە تویتێکدا دەڵێت، پێشوازی لە گوتاری رادەستکردن یاخود هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکات و لەپێناو جێبەجێکردنی ئەوەش پێویستە ئەم کارانە بکرێن:
یەکەم: ئەو لایەنەی ئەو داوایەی سەرەوە دەکات، خۆی یەکەم لایەن بێت چەکەکان رادەست بکاتەوە، بە تایبەت چەکە قورسەکان؛ هەروەها بەرپرسیارێتی هەموو لیواکانی بۆ سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی بگوێزێتەوە بە مەبەستی رێکخستنەوە و دوورخستنەوەی ئەوانەی ناڕێکخراون لەنێویاندا.
دووەم: دوای جێبەجێکردنی بڕگەی یەکەم، دەست بە وەرگرتنەوەی چەک لەو "میلیشیا"یانە بکرێت کە ژمارە و چەکیان زۆرترە، ئەمەش مانای ئەوەیە "پێشمەرگە" کە نزیکەی 160 هەزار چەکداری هەیە و بە نوێترین چەک پڕچەککراون، دەبێت چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکات لە هەنگاوی داهاتوودا.
سێیەم: ئەگەر ئەو دوو هەنگاوە بەدیهات، ئەوکات پرۆژەی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت بە تەنها سەرکەوتوو دەبێت.
چوارەم: پێویستە مافی ملیۆنان عێراقی لەوانەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەمدواییە دزراوە، بەم بڕە زۆرە لە ساختەکاری پشتگوێ نەخرێت، ئەگەرنا هیچ گەرەنتییەک بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق نامێنێت.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، "ئەو لایەنانەی خواستیان هەیە لەگەڵ ئێمە حکومەت پێکبهێنن، دەبێت گەندەڵکارەکانیان رادەستی دادگە بکەن؛ حەشدی شەعبی لە کەسە سەرەڕۆکان و ناڕێکخراوەکان پاکبکەنەوە، گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکان بە ئاگاداریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رادەستی حەشدی شەعبی بکەن، پەیوەندییە دەرەکییەکانیان کۆتایی پێبهێنن و نەبنە پاشکۆی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و رۆڵەی عێراق لە شەڕە دەرەکییەکان بەدووربگرن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ