رووداو دیجیتاڵ
بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، پەرلەمانی عێراق یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارانی پەسند کرد. یاساکە کرێکارانی هەرسێ کەرتی تایبەت و تێکەڵ و هاریکار دەگرێتەوە. بەگوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرووی 5 ملیۆن کرێکار مافی خانەنشینبوونیان وەک کارمەندانی کەرتی گشتی دەبێت.
نوور نافع، ئەندامی لیژنەی کاری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "نابێت مووچەی خانەنشینیی کرێکار کە ماددەکانی ئەو یاسایە دەیگرێتەوە لە کەمترینی مووچەی کرێکار کەمتربێت و لە 80٪ـی کرێی مام ناوەندی مانگانەی کرێکاریش زیاتربێت. نابێت دوو مووچەی خانەنشینی هەبێت، ئەگەر دوو خانەنشینی هەبێت ئەوا باشترینەکەی بۆ هەژمار دەکرێت".
فراوانکردنی چالاکیی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی داواکاریی دامەزراندن لە کەرتی گشتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو یاسایە نوێیەیە. ئەو کرێکارانەشی بە یاسای پێشوو کە یاسای ژمارە 39ی ساڵی 1971ـە خانەنشینبوونە و مووچەکەیان 170 بۆ 200 هەزار دینارە، کەمترین مووچەیان دەبێتە 500 هەزار دینار.
بە گوێرەی یاساکە؛ حکومەت 80٪ی پارەی خانەنشینی دەدات، 15٪ کۆمپانیا و شوێنی کار و 5٪یش کارمەندەکە. کرێکاریش بە خزمەتی 15 ساڵ دەتوانێت داوا خانەنشینی بکات، لەگەڵ پێدانی کۆمەڵێک ئیمتیازاتی دیکە بە کرێکار.
حوسێن روبێعی، ئەندامی لیژنەی کار لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "خاوەن کارەکە پابەندە بەوەی پۆلیس و بەشی پشکنینی دەستەکە ئاگادار بکاتەوە کاتێک کرێکار تووشی هەر رووداوێک دەبێت. لەماوەی 24 کاژێر دوای رووداوەکە پێویستە ناو و ناونیشانی کرێکارەکە پێشکێش بکات لەگەڵ پوختەیەک لەسەر رووداوەکە و دۆخی ئەو کەسەی تووشی پێکان بووە، ئەو شوێنەشی بۆ چارەسەرکردن سەردانی کردووە".
بەپێی یاساکە؛ نابێت مووچەی خانەنشینیی هیچ کرێکارێک لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت. بەرزترینیش ملیۆنێک و 750 هەزار دینارە، دەتوانرێت خزمەتی سەربازی و گرێبەستی بۆ زیاد بکرێت . یاساکە نەک تەنیا کارمەندانی کەرتی تایبەت دەگریتەوە، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە کاری ئازاد دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ