پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدات؛ 15 رۆژ دوای پەسندکردنی پشکی کوردستان دەنێردرێت

18-05-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی شەممە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی سەرجەم کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەت تەواو دەکات، بڕیارە لە دوایین کۆبوونەوەیدا و لەنێو لیژنەکە، دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی لەنێو پەرلەمان کێشەی بۆ دروست نەکرێت.
 
ئامانج هەرکی، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت، "لیژنەی دارایی پەرلەمان دوایین کۆبوونەوەکانی لەسەر بودجە ئەنجام دەدات، ئێستا خەریکن دەنگ لەسەر بڕگە و ماددەکان دەدەن، تاوەکو دەنگی کۆتایی لەسەر بدرێت، چونکە زۆربەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنی حکومی تەواو بووە، رۆژی شەممە بودجە دێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت."
 
بەپێی رێککەوتنی هاپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت پێکهاتوون، دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان یان گۆڕانکاری لە بڕگە و ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە رەزامەندیی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت مەترسی لەسەر پشکی کوردستان دروست بێت.
 
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سەبارەت بە هەرێمی کورستان ئەمڕۆ رێککەوتنی سیاسی لەسەر هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پلان و بەرنامەی بۆ داڕێژراوە باس لە وردەکارییەکان کراوە کە هەرێم چۆن داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست دەکات، سەرۆکوەزیران ئەمەی پەسەند کردووە لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک بکرێت لە بودجە مەرج ئەوەیە رەزامەندیی هەردوو حکومەتی دەبێت لەسەر بێت."
 
15 رۆژ دوای پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق لە پەرلەمان، بودجەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەمەش چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی مانگی شەشدا دەست بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بکرێت کە مانگانە زیاتر لە تریلیۆنێک دینارە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە