باقر زوبەیدی: هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەدرێت

18-05-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو هەولێر

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئینجاز لە عێراق کە نزیکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە رایگەیاند، "بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پێمان دەگەن، چەند لایەنێک هەوڵدەدەن دۆخەکە بە ئاراستەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ببەن و پەرلەمانی ئێستا هەڵبووەشێننەوە، بەڵام پرۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هێندەی کێشە و قەیرانی نوێ دروست دەکات، ئەوەندە چارە نییە."
 
باقر جەبر زوبەیدی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئینجاز لە عێراق، رۆژی چوارشەممە 18.5.2022، لە گوتارێکدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بە ناونیشانی (دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن) بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "قەیرانی سیاسی تاوەکو دێت قووڵتر دەبێت، بەبێ ئەوەی دیدێکی راستەقینە هەبێت بۆ چارەیەک کۆتایی بەم گەردەلوولەی ناکۆکی بهێنێت."
 
زوبەیدی پێشتر یەکێک بوو لە سەرکردە باڵاکانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، لە دوو کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2005 تاوەکو ساڵی 2014 وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی بوو، دواتر لە کابینەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، لە ساڵی 2014 تاوەکو 2016، وەزیری گواستنەوە بوو.
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئینجاز لە عێراق لە نووسینەکەیدا باسی لەوە کردووە، "چەندین جار هۆشداریمان دا لە هەوڵەکانی لێدانی شکۆی دادگەی فیدراڵی لە رێگەی رەخنەگرتن لە بڕیارەکانی کە لە یاساکان و دەستوور سەرچاوە دەگرن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پێمان دەگەن چەند لایەنێک هەوڵدەدەن دۆخەکە بە ئاراستەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ببەن و پەرلەمانی ئێستا هەڵبووەشێننەوە. سەرباری تێبینییەکانمان لەبارەی پێشێلکارییەکان و رێژەی کەمی بەشداربوون کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق ناکات لە هەڵبژاردنی ئەم دواییە، بەڵام پرۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هێندەی کێشە و قەیرانی نوێ دروستدەکات، ئەوەندە چارە نییە."
 
سەرکردەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هۆشداریش دەدات کە، هیچ گەرەنتییەک نییە سیناریۆی ئێستا لە هەڵبژاردنی داهاتوو دووبارەنەبێتەوە، "ئەوکات ئەگەر ئەنجامی لایەنەکان لە یەکتر نزیک بن ئەوا بەرەو پشێوی دەچین، ئەو پشێوییەی کە کەسانێک دەڵێن پێویستە بۆ پرۆسەی گۆڕین واتا کودەتای سپی، بەهۆی ئەوەی پێکهاتەیەک ناتوانێ ئەرکی دەستووریی خۆی راپەڕێنێت."
 
ئەو گوتانەی باقر جەبر زوبەیدی لە کاتێکدان کە بەدرێژایی زیاتر لە پێنج مانگی رابردوو، لەوەتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 دەستپێشخەری بۆ چارەکردنی بنبەستی نێوان رەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق خراونەتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان ئەنجامیان نەبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە