چۆن مووچەی خانەنشینی بۆ کەسوکاری کەرکووکییەکەی نێو هەتەشە بڕایەوە؟

دوێنێ کاژێر 04:01
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرمانبەرێکی تەندروستیی کەرکووک بە مردوو تۆمارکراوە و مووچەی خانەنشینی بۆ کەسوکارەکەی بڕاوەتەوە، کەچی لە دیمەنێکیی ڤیدیۆیی دا دەردکەوێت زیندووە و چەکداری دەستەی تەحریری شامە لە سووریا.
 
نەزهان مەهدی ساڵح لهێبی، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک بوو. لە گەڕەکی عەمەل شەعبی شارەکە نیشتەجێبوو. لەگەڵ هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر مووسڵ دیار نەما، بەڵام لەگەڵ کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد، لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا وەک چەکدارێکی بەرەی تەحریر شام لە نێو ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی تەندروستی لە شاری سەراقیب لە سووریا دەرکەوتەوە.
 
نەزهان مەهدی ساڵح لهێبی، بە ئەبو مەحموود ناسراوە، باسی دۆڵمەی عێراقی و کۆنترۆڵکردنی شارەکانی سووریا دەکات، ناوی  چەند شارێک دەهێنێت لەوانەش شام وەک ئاماژەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەیان لە داهاتوودا و دەڵێ دۆڵمەی عێراقی لێ دەخۆین. 
 
وەک باس دەکرێت ئەبو مەحموود چێشتخانەی لەیالی بەغدای داناوە لە حەلەب.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە عێراق ئەو کەسە بە مردوو ناوی تۆمارکراوە، تەنانەت کەسوکارەکەی مووچەی خانەنشینییەکەی وەردەگرن.
 
لە رێگەی فەرمانگەکەیەوە مامەڵەی خانەنشینی بۆ کراوە، بەگوێرەی نووسراوی ژمارە 15159 لە 03-04-2023 بە مردوو تۆمارکراوە، بە فەرمانێک خانەنشینکراوە و مووچە بۆ میراتگرانی بڕاوەتەوە.
 
ماهر حوسێن رەشید، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشیتمانی رۆژی 15-12-2024 بە نووسراوێک ئەمەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت، مووچەی خانەنشینی بۆ کەسوکارەکەی بڕاوەتەوە.
 
ئەو کارەشیان بەگوێرەی ئەو قەسام شەرعییە کردووە، کە لە سەرۆکایەتی دادگەی تێهەڵچوونی کەرکووک/ دادگەی باری کەسیی کەرکووک بە ژمارە 3240 لە 14-12-2022 دەرچووە.
 
سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی لەگەڵ ئاماژەدان بە راگرتنی خانەنشینەکەی ماهر، دەشڵێت، پەیوەندی بە وەزارەتی تەندروستی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندارەکان کراوە، لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی راییکردنی مامەڵەی خانەنشینی ئەو کەسە بکرێت، کە گوایە کۆچی دوایی کردووە.
 
دکتۆر زیاد خەلەف جبووری، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسە فەرمانبەر بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، ماوەیەکی زۆر دیار نەماوە".
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک گوتی: "بەپێی یاسا ئەگەر پێنج ساڵ تێپەڕی بەسەر دیارنەمانی هەر کەسێک، ئەوا کەسوکارەکەی لە دادگا دەتوانن داوای پاساوی مردن- بکەن".
 
بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک، خێزانەکەی مامەڵەیان بۆ کردووە، دادگا "پاساوی مردن - حوجەت وەفات"یان بۆ دەرکردووە، چونکە پێنج ساڵ بەسەر بێسەروشوێنبوونی تێپەڕیوە.
 
دکتۆر زیاد خەلەف جبووری دەڵێت، دوای ئەوەی دادگای کەرکووک پاساوی مردن و رێکارەکانی بۆ کردووە، خێزانەکەی نووسراوەکەیان هێناوەتە تەندروستیی کەرکووک. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک لەسەر بنەمای بڕیاری دادگا مامەڵە و نووسراوی خانەنشینی بۆ کردووە.
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک داوادەکات، لێکۆڵینەوەی ورد لەو کەیسە بکرێت و گوتی، رەنگە ئەمە دەرگا لەسەر زۆر کەیسی دیکەی هاوشێوە و گوماناوی بکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاپا فرانسیس لە موسڵ.

پاپا فرانسیس: کاتێک سەردانی موسڵم کرد لە دوو هەوڵی تیرۆرکردن رزگارم بوو

پاپا فرانسیس کتێبێکی لەسەر ژیانی نووسیوە و بەشێک لە زانیارییەکانی نێو کتێبەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی لە هەندێ نهێنیی سەردانەکەی سێ ساڵ لەمەوبەری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەکات لەکاتی سەردانی بۆ موسڵ، دوو جار هەوڵی کوشتنی دراوە.