رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەنجامی تۆماری بایۆمەتریی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەسند کرد و بڕیاریدا 1٪ی مووچەکەیان بۆ یەکجار ببڕدرێت لەکاتی ناردنی بۆ وەزارەتی پلادانانی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و پەسندکردن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لەو بڕیارانە "ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیدا، کە پشت بە ئەنجامیی تۆمارکردنی بایۆمەتریی (UPN) ببەسترێت، وەک ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی دامودەزگا حکومییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دا".
ئەوەش بەگوێرەی ئەو نموونەیەی کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارییەکان لە دەستەی ئامار و سیستمی زانیاریی جوگرافی لە وەزارەتی پلادانانی فیدراڵی دا پشتی پێدەبەسترێت بۆ ئەوەی لەژێر رۆشنایی ئەو داتا و زانیارییانە رێکار بگیرێتەبەر.
وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، رێژەی 1٪ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەبڕێت لەکاتی تۆمارکردنی بایۆمەتری، یاخود لەکاتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر بۆ یەکجار، کە دەینێرێت بۆ وەزارەتی پلادانانی فیدراڵیی".
هەروەها حکومەتیی هەرێمی کوردستان ئەو داتا و زانیارییانە پێشکێش دەکات،کە وەزارەتی پلادانانی فیدراڵی داوای دەکات. وەزارەتەکەش لە ماوەی ئەمساڵدا هەموو رێکارەکانی تەواو دەکات.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم بڕیارە پەیوەندی بە لیستیی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە".
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی روونیکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە، کە دەبێت لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەو نمونە بێت، کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیانی زانیارییەکان لە دەستەی ئامار و سیستمی زانیاریی جوگرافی لە وەزارەتی پلادانانی فیدراڵیی دا پشتی پێدەبەسترێت.
سۆران عومەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگارییە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بایۆمەتری واتە پەنجەمۆر و بەسمەی چاوی مووچەخۆران.
هەروەها UPNیش ئەوەیە، هەر فەرمانێک کۆدێکی وەزیفی هەیە، ئەو کۆدە لێ بدرێت، تەواوی زانیارییەکانی لەبارەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرە تێدایە.
تایبەت بە ژمارەی وەزیفی-یش گوتی، دەبێت هەر فەرمانبەرێک یەک ژمارەی وەزیفی هەبێت، ناونیشان و پلەی فەرمانبەرایەتی لە خۆدەگریت.
بە گوتەی سۆران عومەر، پێشتر لە هەندێک باردا چەند فەرمانێک یەک ژمارەی وەزیفییان هەبوو چەندین فەرمانبەریش بێ ژمارەی وەزیفی بوون، ئێستا بەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت لیستی مووچە بە تەواوی پاک بکرێتەوە و کەموکوڕییەکان چاک بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ