رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوی ئاگرتنەوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێوەبەرانی فڕۆکەخانەی بەغدا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی لەکارلادا.
رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەریەک لە بەڕێوەبەری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانە لە کارلادران. ئەمەش دوای دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نێو فڕۆکەخانەکە لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا.
دوای ئاگرکەوتنەوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی فڕۆکەخانەی بەغدای کرد و لەگەڵ هەریەک لە وەزیری ناوخۆ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبووەوە.
دوای گوێگرتن لە قسەی بەرپرسان لەبارەی ئەو دوو رووداوە، سەرۆکوەزیران جەختی لە بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان کردەوە، لەگەڵ دۆزینەوەی هۆکاری راستەقینەوە دووبارەبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی دوو رۆژدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەریەک لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ راسپارد، دەستبەجێ و بە فراوانی سیستەمی سەلامەتی و پێویستی فریاگوزاریی فڕۆکەخانەکە بپشکنن. پێداچوونەوە بە هەموو رێکارە ئەمنییەکان بکەن کە لە فڕۆکەخانە گیراوەتەبەر. هەروەک لیژنەی یاسایی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران راسپارد، بەدواداچوون بکەن، بۆ رێکارەکانی گرێبەستی تایبەت بە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە کە لە ساڵی 2013 لە کارکەوتووە، لایەنی کەمتەرخەم دیاری بکرێت کە لەو ماوەیەدا کاری پێنەکردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە جارێکی دیکە ئاگر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتەوە، لە ماوەی کەمتر لە 35 کاژێردا، ئەوە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە فڕۆکەخانەکە.
رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022، عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق بە (تۆڕی میدیای رووداو)ی راگەیاند، نزیک کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیان ئاگر لە هۆڵی نەینەوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کە هۆڵێکی ڤی ئای پییە، کەوتەوە.
هەر لەوبارەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، جگە لە زیانێکی کەمی مادی، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە. خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی رێکخراو بەردەوامە بۆ ئیستەنبووڵ، مەدینە، هەولێر و فڕۆکەخانەی سەبیحە. هەندێک گەشتی ئاسمانی دواکەوتوون. لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و وردەکاریی ئاگرەکە.
پێشتریش ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 15-11-2022، ئاگر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتەوە، ئاگرەکە لە بەشی بەڕێکردنی فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە. ئەوکات گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق بە رووداوی گوت، "لەکاتی نۆژەنکردنەوەدا ئاگر لە کافتریای هۆڵی بەڕێکردنی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتەوە و بەهۆی چڕیی دووکەڵەوە، سێ کرێکار تووشی هەناسەتووندی بوون و لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە رزگارکران."
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی عێراق ساڵانە لە عێراق نزیکەی 30 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە روودەدەن، ئەمساڵیش تائێستا نزیکەی 25 هەزار ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ