رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکای لە هەردوو بنکەی هەولێر و عەین ئەسەد راگەیاند.
فەرماندەییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشكرایکردووە: "رۆژی پێنجشەممە لە بەغدا کۆبوونەوەی نێوان لیژنەی تەکنیکیی سەربازیی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شمەری، یاریدەدەری فەرماندەی پڕۆسە هاوبەشەکان و هاوتا ئەمریکییەکەی، جۆن برینان، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەمەش لەچوارچێوەی دانوستاندنە تەکنیکییەکانی بواری ئاسایش کە پێشتر لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق رێکەوتنی لەسەرکراوە، لەبارەی گواستنەوەی رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی ناشەڕکەر لە عێراق، ئەمەش بەپێی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 22ی تەمووزی ئەمساڵ".
بەپێی راگەیێندراوەکەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: "هەردوولا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی یەکە شەڕکەرەکان و توانا سەربازییەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی عەین ئەسەد و هەولێر. ئەو کەمکردنەوەیە، دەبێ تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول جێبەجێ بکرێت. هەروەها ئاستی فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بارەگای سەرکردایەتی بە فەرماندەیی ئەفسەرێک بە پلەی فەریق، کەمدەکرێتەوە بۆ بارەگایەکی بچووکتر بە فەرماندەیی ئەفسەرێک بە پلەی لیوا، لەپێناو بەڕێوەبردن و پشتگیری و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و راوێژ".
وەک لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە: "هەردوولایەن دووپاتیانکردووەتەوە لەوەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر بانگهێشتنامەی عێراق بووە و پشت دەبەستێت بە دابینکردنی پاراستن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی یاسا و رێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەک کە گونجاوبێت لەگەڵ سەروەریی عێراقدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ