د. نەرمین مەعرووف: لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا نابێت رەوتی سەدر پەراوێز بخرێت

15-06-2022
گۆڤەند مستەفا
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ناکرێت رەوتی سەدر لە پێکهێنانی حکومەتدا پەراوێز بخرێت و پێشیوایە ئەگەر رەوتی سەدر بەشداری لە کابینەی حکومەتدا نەکەن، ئەگەر زۆرە بەهۆی ئەو فشارانەی لە شەقامەوە دروستی دەکەن، نەتوانرێت بەردەوامی بە تەمەنی ئەو حکومەتە بدرێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ.
 
رۆژی چوارشەممە 15-06-2022، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00 بوو کە سنوور مەجید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی کرد. پرسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت دوابەدوای بڕیاری کشانەوەی رەوتی سەدری لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێکرا.
 
لەبارەی بۆچوونی حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت، د. نەرمین مەعرووف دەڵێت: یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە بڕوای بەوە هەبووە پێویستە حکومەتی عێراق حکومەتێکی تەوافوقی بێت، بە نیسبەت لایەنە کوردییەکان بڕوامان بەوە هەیە پێویستە هەموومان وەکو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە جیاوازی رەنگەکانمانەوە بە یەک پاکێج بەشداری ئەو حکومەتە بکەین، خۆمان لەنێو خۆمان نێو ماڵی خۆمانمان رێکخستبێتەوە. 
 
سەبارەت بە بەدیهێنانی ئەو یەکدەنگییە لەنێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، نەرمین مەعرووف گوتی، "یەکێتی هەمیشە دەرگەی کراوەیەوە بۆ هەموو لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن، هەمیشە ئامادەیی تێدایە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و سەقامگیری سیاسی لە عێراق و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان."
 
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتێکیش بەبێ لایەنی رەوتی سەدر، ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، "سیناریۆکان جۆراوجۆرن و لێکدانەوەی جۆراوجۆر دەکرێت بۆ ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە، چونکە پاشەکشەکردنی رەوتی سەدر لە پەرلەمان بۆخۆی رووداوێکی تازەیە، پێشتر رووینەداوە لە عێراقدا کە پارتێک بەو ژمارە زۆرەی کورسی وەکو یەکەمی براوەی هەڵبژاردنەکان بەو شێوەیە پاشەکشێ لە پرۆسەی سیاسی بکات." 
 
نەرمین مەعرووف پێشیوایە، بابەتی کشانەوەی رەوتی سەدری لە پەرلەمان دوو دیوی هەیە "دیوێکیان دیوە یاساییەکەیەتی، بەپێی ئەو رێکارە یاساییانەی هەیە بۆ ئەوەی کاتێک پەرلەمانتارێک یان گرووپێک لە پەرلەمانتاران پاشەکشێ دەکەن چۆن بتوانن شوێنەکانیان پڕبکرێتەوە. تاوەکو ئێستاش باس لەوە دەکرێت هێشتا ئەو کشانەوەیە لە رووی یاساییەوە پەسندکراو نییە، لەبەرئەوەی لەنێو پشووی یاسادانان بووە، شێوازی داوایەکەش تا راددەیەک نایاساییە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە پەسند نەکرێت یان تانەی لێبدرێت."
 
لایەنی دووەمی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، بە گوتەی د. نەرمین مەعرووف، "دیوە سیاسییەکەیەتی، رەوتی سەدر بۆخۆی رەوتێکی سیاسی خاوەن بنکەیەکی جەماوەری بەرفراوانە لە عێراقدا، هەر ئەمەشە وایکردووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بێت. بۆیە بەبۆچوونی خۆم ناکرێت ئەو هێزە سیاسییە لە عێراقدا لە پێکهێنانی حکومەتدا پەراوێز بخرێت. پێشبینییەکانیش پێمان دەڵێت، ئەگەر بێت و رەوتی سەدر بەشداریی نەکەن لە کابینەی حکومەت، ئەگەر زۆرە بەهۆی ئەو فشارانەی لە شەقامەوە دروستی دەکەن، نەتوانرێت بەردەوامی بە تەمەنی ئەو حکومەتە بدرێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە