کۆمیسیۆن: وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێران بۆ 1ی ئایار درێژکرایەوە

15-04-2021
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەختە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوا وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێران بۆ 1ی ئایاری 2021 درێژکرایەوە، هەمان رۆژیش وەکو دوا وادە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان دیاریکرا.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە دانیشتنێکی تایبەتدا بە پشتبەستن بە کۆبوونەوەی فراوانی نوێنەری قەوارە سیاسییەکان لە رۆژی 13-04-2021 چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد".

بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کە بە هیچ شێوەیەک جارێکی دیکە ئەو وادەیە دوانەخرێتەوە.

رۆژی 09-04-2021 جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "246 كەس وەكو تاك، 51 كەس لەڕێگەی پارتەكان و چوار كەسیش لەڕێگەی هاوپەیمانییەكان، خۆیان بەربژێر کردووە، ئەمەش لە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان كەمترە، كە 329 كورسییە".

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تاوەکو ئێستا دوو جار ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و بەربژێرەکانی درێژکردووەتەوە، دوایین جار بڕیاریدا ماوەی تۆمارکردنی بەربژێرەکان بۆ 01-05-2021 درێژبکاتەوە و بەربژێرەکانیش بۆ 17-04-2021.

بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو ئێستا مۆڵەتی دامەزراندن بە 250 حیزب دراوە و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، داواکاری دامەزراندنی 65 حیزبی دیکەش لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
وا بڕیارە رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 26 ملیۆن و 642 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە