پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی دەکەین

14-12-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مەحموود مەشهەدانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی دەکەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
 
سائیر عەبدولکازم جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی "شیعەکان"، پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێت.
 
هاوپەیمانیی تەقدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، جەخت لەوە دەکاتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشک و شایستەی ئەوانە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت "وەک نەریت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننەیە، بەڵام ئەو پۆستە موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە تاوەکو بۆ خۆی قۆرخی بکات."
 
لەسەرەتای ئەم خولەی پەرلەمان، لە بەرامبەر محەممەد حەلبووسی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لە هەوڵەکانیدا سەرنەکەوت.
 
کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 13-12-2023 پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.  
 
فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق، شەوی سێشەممە 12-12-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی سەرقاڵبوونی پەرلەمانتاران بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئامادەنەبوونی زۆربەی  فراکسیۆنەکان لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت. 
   
ئەو کەسەی دەچێتە شوێنی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لە پێکهاتەی سوننە بێت، هەرچەندە فراکسیۆن و پارتە سوننەکان خۆیان لەسەر یەک بەربژێر یەکدەنگ نین.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەریەک لە موسەننا سامەرائیی، سالم عیساوی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم، عەبدولکەریم عەبتان، موزاحیم خەیات بەنیازن خۆیان بەربژێر بکەن. چەند ناوێکی دیکەش هەن، بەڵام چانسی بوونیان بە سەرۆکی پەرلەمان کەمترە.
 
بەپێی پرەنسیپی "سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی"، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە پشتی پێدەبەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەیە.
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامیێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە. حەلبووسی سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
 
مەحموود مەشهەدانی کێیە؟
 
لە ساڵی 1948 لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە، پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار لە سوپای عێراق ئەفسەر بووە، دواتر بووەتە پزیشک و لە ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواوکردووە، بەهۆی ئەوەی دژی شەڕی کەنداو بووە، لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.
 
لە ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، لە ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی کردووە، بووە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمان دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
 
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی دەعوە و ئیرشاد بووە، دامەزرێنەری بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بووە لە ساڵی 2004.
 
لەلایەن هاوپەیمانیی حەسمی سوننە، کە ئوسامە نوجێفی سەرۆکایەتیی دەکات، بە یەکێک لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ناسێندراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.