رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بودجەی ساڵی 2023 عێراق زیاتر لە 180 ملیار دۆلار دەبێت و دامەرزاندن و پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزاریی تێدایە.
رۆژی دووشەممە 14-11-2022، هەیسەم عجێلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت بودجەی ساڵی 2023 زیاتر لە 180 ملیار دۆلار بێت. دامەزراندن و پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان تێدایە. هاوئاهەنگییەکانی باڵا هەیە لەنێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەت. دۆخەکە جیاواز دەبێت لە بودجەی ساڵانی رابردوو.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پێشبینی دەکات، ژمارەی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی ساڵی 2023 لە نێوان 65 بۆ 75 دۆلار هەژمار بکرێت. پڕۆژەکە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە بگاتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
لە بودجەی ساڵی 2021دا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێنرابوو.
رۆژی یەکشەممە 14-11-2022، عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکەى و وەزارەتى دارایی پکهێندراوە بۆ داڕشتنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2023 و کۆبوونەوەى بەردەوامیان هەیە، گوتیشى: "ئامادەکردنى پڕۆژەیاساکە کراوەتە دوو بەش، ئەوەى پەیوەندیدارە بە بودجەى بەکاربردن، وەزارەتى دارایی کارى لەسەر دەکات و ئەوەشى پەیوەندیدارە بە بودجەى وەبەرهێنان لەلایەن وەزارەتى پلاندانانەوە دیاری دەکرێت".
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئاشکرایکرد، کە وەزارەتەکەى پڕۆژەى سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانى دیکەى وەرگرتووە بۆ ساڵى داهاتوو، دواتر لە بودجەکەدا بڕیارى لەبارەوە دەدات، بەڵام گوتى: "لەم بودجەیەدا پێشینەى کارەکانمان بۆ ئەو پڕۆژانە دەبێت کە تەواو نەکراون و پەکیان کەوتووە یان درێژخایەنن".
رۆژی 28ى تشرینى دووەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە وەزارەتى دارایی کرد بوو لەماوەى یەک هەفتەدا پڕۆژەیاسای بودجەى گشتی 2023 ئامادە بکەن.
عەبدولزەهرە هینداوى گوتى: "ئامادەکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2023 لە قۆناخى کۆتاییدایە و لەچەند رۆژى داهاتوودا تەواو دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیران بکرێت، لەبرى بودجەى 2022 کە ساڵەکەى کۆتایی هاتووە".
بەهۆى دواکەوتنى پرۆسەى پێکهێنانى حکومەتى عێراق، پرۆژەیاساى بودجەى 2022 پەسند نەکرا، هەرچەندە رەشنووسی پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتى دارایی حکومەتەکەی مستەفا کازمى ئامادەکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ