ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: مانگی ئاب هاوسەرگیری کەم و جیابوونەوەش زیادیکردووە

14-09-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی مانگی ئابی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 21 هەزار و 142 گرێبەستی هاوژینی کراون و شەش هەزار و 791 جیابوونەوەش تۆمارکراون. لە کەرکووکیش هەزار و 272 گرێبەستی هاوژینی کراون و 197 جیابوونەوە تۆمارکراون. ئەمەش بەراورد بە مانگێک پێشتر، هاوسەرگیری کەمیکردووە و جیابوونەوەش زیادیکردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە مانگی ئابدا 17 هەزار و 833 گرێبەستی هاوژینی کراون کە سێ هەزار و 309 گرێبەستیان لە دەرەوەی دادگە کراون. هاوکات چوار هەزار و 636 جیابوونەوە تۆمارکراون کە لە دەرەوەی دادگە جیابوونەتەوە، لەگەڵ هەزار و 855 جیابوونەوەی دیکە کە بە بڕیاری دادگە بووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ رەسافە بووە کە دوو هەزار و 163 گرێبەستی هاوژینی و لەگەڵ راستاندنی هەزار و 80ی دیکە کە لە دەرەوەی دادگە کراون. هاوکات زۆرترین جیابوونەوەش لە داگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ کەرخە کە هەزار و 164 جیابوونەوەیە. دواتر دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ رەسافە دێت بە هەزار و 147 جیابوونەوە لە هەردوو بارەکەدا. 
 
لە ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا ئەوەش هاتووە کە کەمترین جیابوونەوە لە پارێزگای موسەننایە بە 86 جیابوونەوە کە 79یان لە دەرەوە دادگە و 7ی دیکەش بە بڕیاری دادگە بووە. دوای ئەویش پارێزگای زیقار دێت کە 108 جیابوونەوە لە دەرەوە دادگە و هیچ جیابوونەوەیەکیش بە بڕیاری دادگە تۆمار نەکراوە.
 
سەبارەت بە کەرکووک بەپێی راگەیێندراوەکە، هەزار و 172 گرێبەستی هاوژینی کراون و 100 گرێبەستی دیکە راستاندنیان بۆکراوە کە لە دەرەوەی دادگە کراون. هاوکات 197 جیابوونەوە هەبوون کە 177 راستاندن و 20ی دیکە بە بڕیاری دادگە بووە. 
 
لە پارێزگای نەینەوا، دوو هەزار و 578 گرێبەستی هاوژینی تۆمارکراون لەگەڵ 446 گرێبەستی دیکە کە لە دەرەوەی دادگە راستاندنیان بۆکراوە، هاوکات 408 جیابوونەوە هەبوون کە 217 راستاندن و 191ی دیکە بە بڕیاری دادگە بووە. 
 
بەراورد بە مانگی تەممووز، پرۆسەی هاوژینی کەم و جیابوونەوەش زیادیکردووە. بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە مانگی تەممووزدا 25  هەزار و 488 گرێبەستی هاوژینی و چوار هەزار و 827 جیابوونەوە هەبوون. لەکاتێکدا لە مانگی ئابدا 21 هەزار و 142 گرێبەستی هاوژینی و شەش هەزار و 791 جیابوونەوە بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە