رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوا لە کەناڵی MBC دەکات درامای مەعاویە پەخش نەکات و دەشڵێت، "باشتر و چاکتر و خۆشترە کەناڵی (MBC) لە پەخشکردنی درامای تایبەت بە (مەعاویە) پاشگەزبێتەوە".
رۆژی سێشەممە، 14-02-2023، لە تویتێکدا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر مەعاویەی کوڕی سوفیانی بە "سەری فیتنەی تائیفی" ناوبرد و گوتی، "یەکەم کەس بوو جنێودانی بە هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) داهێنا. یەکەم کەس بوو لە پێشەوای سەردەمی خۆی (مەبەستی عەلی کوڕی تاڵب) دەرچوو و یەکێتی ریزی ئیسلامی تێکدا. یەکەم کەس بوو هەواڵانی پێغەمبەری خوا لێیان رازی بێت کوشت".
موقتەدا سەدر گوتی: "پەخشکردنی ئەو جۆرە زنجیرانە، پێچەوانەی سیاسەتی نوێی میانڕەوانەیە کە شانشینی سعودیەی برا پەیڕەوی دەکات... پێویست بە بریندارکردنی هەست و سۆزی برایانی موسڵمان ناکات لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا. من ئامۆژگاریتان دەکەم".
زنجیرە درامای " مەعاویەی کوڕی سوفیان" بڕیارە لە مانگی رەمەزان پەخش بکرێت؛ تاریق عریان کاری دەرهێنانی بۆ دەکات و لە نووسینی خالید سەلاحە.
دراماکە لە وڵاتی تونس کاری وێنەگرتنی بۆ دەکرێت و ژمارەیەک هونەرمەندی دیاری عەرەبی تێیدا بەشدارن، لەوانە ئەیاد نەسار، ئەسما جەلال.
رووداوەکانی دراماکە تیشک دەخەنە سەر کێشەی نێوان موسڵمانان، شەهیدکردنی عوسمانی کوڕی عەفان و ئیمام عەلی و دەسەڵاتی مەعاویە کوڕی سوفیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ