رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتیانی قەزای غەماسی سەر بە پارێزگەی دیوانییەی نێوەڕاستی عێراق، دژی نەبوونی کارەبا خۆپێشاندانیان کرد.
رێگەی سەرەکیی نێوان قەزاکە و بەشەکانی دیکەی پارێزگەی دیوانییەیان داخست و تایەیان تێدا سووتاند.
خۆپێشاندانەکە لە بەیانییەوە دەستیپێکرد. گەرماکە 48 پلەی سیلیزی بوو، بەڵام توڕەیی خۆپێشاندەران گەرمتربوو.
خۆپێشاندەرێک دەڵێت: "داواکارییمان زۆرە. سەرەکیترین داواکاریمان کارەبایە. خەڵک نەخۆشی هەیە.. ئیش و کارمان لەسەر کارەبا وەستاوە. بەڵام ئەمڕۆ یەک بەرپرسیش بە دەممانەوە نەهات."
ئەوەی وایکرد خۆپێشاندانەکە بتەقێتەوە، پچڕانی کارەبا بوو لە گەرمای هاوینی سووتێنەردا، بەڵام گلەیی خۆپێشاندەران تەنیا لە کارەبا نییە.
خۆپێشاندەرێکی دیکە دەڵێت: "نە ئاو هەیە، نە نەخۆشخانە. ئەو نەخۆشخانەیەی ئەمدیو، 20 ساڵە تەواویان نەکردووە، بۆ کوێ بڕۆین؟ گوناهمان چییە؟ هەموو خزمەتگوزارییەکان کێشەیان هەیە. دارخورمایەکیان بە 20 ملیۆن دینار هێنا و لەوێ دایانچەقاند، چی لە دارخورما بکەین؟ بیخۆین؟ بیست ملیۆنیان پێدا!"
نزیکەی 20 خۆپێشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران، بەڵام دواتر بە نێوەندگیریی سەرۆکهۆزەکان ئازادکران.
هەروەها بەهۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، 10 خۆپێشاندەر برینداربوون.
خۆپێشاندەرانیش دەڵێن، تاوەکو بەرپرسان بەدەمیانەوە نەچن، لە دەربڕینی ناڕەزایی بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ