پەرلەمانتارێکی پارتی: بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق سیناریۆی 2018 دووبارە ناکرێتەوە

13-07-2022
ئەحمەد حەمید
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پۆستی سەرۆککۆمار گرفتی پێش پێکهێنانی حکومەت نییە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش سیناریۆی 2018 دووبارە نابێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو شیعەکان دەنگ بە بەربژێری یەکێتی نادەن.
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، پرسی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکلانەبوونەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار، سەردانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و دۆخی سریلانکا لەپاش هەڵاتنی سەرۆکی ئەو وڵاتە باسکران.
 
بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببنەوە و دوایین بیرۆکە و پێشهاتەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن.
 
فادی شەمەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کە بەشێكە لە چوارچێوە هاوئاهەنگی بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببنەوە و دوایین پێشهاتەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ بکەن.
 
دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی رەوتی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان. لەبارەی ناوی بەربژێرانی پۆستی سەرۆکوەزیران، فادی شەممەری رەتیکردەوە بە فەرمی لەنێو کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هیچ ناوێک بۆ ئەو پۆستە خرابێتەڕوو.
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە گوتی، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات بەربژێری ئەو پۆستە یەکلابکەنەوە."
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا ئاماژەی بەوە کرد، "شیعەکان خۆیان رێکنەکەوتوون لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەگەرنا پۆستی سەرۆککۆمار رێگر نییە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، وەکو چۆن پێشتریش هاوپەیمانیی سێقۆڵیش هەبوو هەر گرفت نەبوو لە پێکهێنانی حکومەت."
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی لە بەغدا بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت، دووبەردانی گوتی، "شاندی پارتی لە بەغدا لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوامن، بەڵام ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە بەردەوامە و نەیانتوانیوە گرفتەکانیان کۆتایی پێبهێنن، پێناچێت بشتوانن لەم رۆژانەشدا کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن."
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، ئەگەر لایەنە شیعەکان لەسەر بەرنامەی حکومەت و پۆستی سەرۆکوەزیران بگەنە رێککەوتن یەک کاژێر مۆڵەت بە کورد نادەن.
 
یەکێتی بەرهەم ساڵح و پارتیش رێبەر ئەحمەدی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە. سەبارەت بە چانسی سەرکەوتنی بەربژێرەکەی پارتی، پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگ بە بەرهەم ساڵح بەربژێری یەکێتی نادات، سیناریۆی ساڵی 2018 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دووبارە نابێتەوە، لە ئەمڕۆوە دانوستاندنی جیددی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بایدن لە سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، سعودیە و وڵاتانی هاریکاری کەنداو و عێراق کۆدەبێتەوە.
 
ئەوەی کە ئێستا ئیدارەی بایدنی سەرقاڵ کردووە، کێشە ئابوورییەکانی ئەمریکایە کە شەڕی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوونە هۆکاری. لە مانگی حوەزیرانی ئەمساڵدا، هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە نزیکەی لە 9%.
 
بایدن لە ئیسرائیل دۆسیەی ئەتۆمی و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا تاوتوێ دەکات. هەروەها داوا لە سعودیە و وڵاتانی هاریکاری کەنداو دەکات کە ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەرزبکەنەوە بۆئەوەی کورتهێنانی نەوتی رووسیا لە بازاڕەکاندا پڕبکەنەوە.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی، ئەمریکا دەبێت دەستهەڵگرێت لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو وڵاتانی ناوچەکە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا دەبێت بزانێت لایەنگری لە هێزە چەکدارییەکانی ناوچەکە کاردانەوەی دەبێت و دەبێ هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو حکومەتەکانی ناوچەکە بوەستێنێت و رێز لە سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە بگرێت.
 
سەرۆکی سریلانکا وڵاتی جێهێشت
 
پاش ناڕەزایەتی و بەردەوامیی خۆپێشاندانی هاووڵاتییانی سریلانکا، سەرۆکی سریلانکا وڵاتی بەجێهێشت و بەرەو ماڵدیڤ هەڵات، سریلانکا مایەپووچبوونی خۆی راگەیاندووە، رێژەی هەڵاوسان بۆ سەرووی 54.6% بەرزبووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا تاوەکو 70% بڕوات، نرخی کاڵا چەند هێندە بەرزبووەتەوە و خەڵک بە ئاسانی خۆراک و سووتەمەنییان دەستناکەوێت. هۆکارەکانی ئەم قەیرانانەی سریلانکا بۆ پەتای کۆرۆنا، شەڕی ئۆکراینا و گۆڕانی کەشوهەوا و خراپ ئیدارەدانی ئابووریی وڵات دەگەڕێندرێتەوە.
 
سونێل جیهارسنا، شرۆڤەکاری سیاسی لە ماتەرا لە سریلانکا لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی رووداودا گوتی، "خۆپێشاندان لە سریلانکا بەردەوامە و خۆپێشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران دەکەن، داوا دەکەن دەسەڵات بە ئاشتییانە رادەست بکات، ئەو کۆمەڵێک بەڵێنی دابوو، بەڵام نەیتوانی بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات."
 
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو پشێویەی هەیە چاوەڕوان دەکرێت بەردەوام بێت، حکومەتی گۆتابایا راجاپاکسای نەیتوانی بارودۆخی ئابووریی وڵات بە باشی بەڕێوەببات، سەرۆکی وڵات هەندێک پەڕاوی گەندەڵیشی لەسەربوو."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بیرەکان لە ئاسمانەوە.

400 بيرى مێژوویی لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە

400 بیرى شاقولى لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەگوتەى بەرپرسێکى شوێنەوارى میسان بیرەکان لەو جۆرانەن، کە لە هەرێمى کوردستان بەکارهێندراون.